جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بەراورد بە پار رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەی هەولێر 7.1٪ زیاتر بووە
هەساو ئەمیر
٣ی نیسانی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.1٪ زیاتر بووە.
هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمساڵ سێ هەزار و 90 سەرئاژەڵی گەورە و بچووک بۆ جەژنی رەمەزان سەربڕدراون، لەکاتێکدا بۆ جەژنی رەمەزانی پار دوو هەزار و 681 سەرئاژەڵ سەربڕدرابوون.
ئەوەشی خستە روو، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ جەژنی نەورۆز و رەمەزان لەیەک کاتدا بوو و کاتەکانیان لەیەکەوە نزیک بوو، بۆیە خواست لەسەر گۆشتی سور زیاتر بوو.
وتیشی، بەزۆری ئاژەڵی گەورە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئاژەڵی بچووک رێژەی 90٪یان ئاژەڵی خۆماڵین، هەردووکیشیان بەر لە سەربڕین و دوای سەربڕینیش پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەبێت شیاو بن بۆ خواردن.
وتیشی، ئەگەر ئاژەڵێک بەر لە سەربڕین لە پشكنین دەرنەچێت، دەبێت یان چارەسەر وەربگرێت یان ئەگەر بەکەڵک هات وەچەی لێوەربگیرێت، بەڵام کەسانێک هەن دوای دەرنەچوونی لە پشکنین و گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنەکەی لە دەرەوە بەسەر خەڵکدا ساغی دەکەنەوە.
روونیشیکردەوە، ئەگەر ئاژەڵێک لەدوای سەربڕین گۆشتەکەی لە پشکنین دەرنەچێت، ئەوا لە پلەی گەرمی هەزار و 200 پلەدا گۆشتەکە دەسوتێنرێت و لەناو دەبرێت.