سەرۆکی یەکێتی بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆوە پیرۆزبایی لە کلدانی و ئاشورییەکان دەکات
رەوەز
١ی نیسانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی نوێی بابلیی ئاشووری، پیرۆزبایی لە کلدانی و ئاشوورییەکان دەکات و لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە پاراستنی مافەکانیان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی:
بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی نوێی بابلیی ئاشووری، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عیراق و جیهان دەکەم، هیوادارم وەک هەمیشە لە کەشێکی ئارام و شادیدا ئەم جەژنە بەڕێبکەن.
لەم رۆژەدا تەئکید لە قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەیی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان دەکەینەوە بە تایبەت کلدانی، ئاشووری و سریانییەکان کە بەشێکی گرنگی گەلەکەمانن.
هەوڵەکانیشمان بۆ پاراستنی مافی هەموولایەک بەردەوام دەبێت لە پێناو سەقامگیری زیاتر و پێکەوەژیان لە وڵاتەکەماندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان