پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوە کرد، سوپای تورکیا بەشێک لە هێزەکانی لە سنوری ئامێدی بەرەو سنورەکانی باکوری کوردستان دوور خستووەتەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەو هێزانەی دەکشێنێتەوە یان ئامانجی دیکەی لە پشتەوەیە.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوە کرد، سوپای تورکیا بەشێک لە هێزەکانی لە سنوری ئامێدی بەرەو سنورەکانی باکوری کوردستان دوور خستووەتەوە، بە وتەی هاووڵاتیانی دانیشتووی سنورەکەش، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمجارە هێزەکانی سوپای تورکیا لەبری زیاتر چوونە ناو شارەکە؛ دوور بکەونەوە.

دانیشتوانی ئەو سنورە باس لەوەدەکەن، بەهۆی بوونی هێزەکانی تورکیاوە، نەیاندەتوانی بچنە سەر بەشێکی زەوییەکانی خۆشیان، یان لە وەرزی بەهار بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە بچنە بناری شاخەکان، بۆیە ئەگەر دوورکەوتنەوەی ئەو هێزانە کشانەوە بێت، ئەوا دڵخۆشییان دەکات.

هێشتا بە روونی نازانرێت سوپای تورکیا هێزەکانی کشاندووەتەوە یان تەنها جوڵەیان پێدەکات و لە دواتردا پلانی دیکەی دەبێت، بەڵام ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی هێزەکانی لە سنوری ئامێدی و چەند گوندێکی دیکەی سنوری پارێزگای دهۆک جێگیر کردووە، بە جۆرێک لە ئامێدی خاڵە سەربازییەکانی چەند سەت مەترێکی کەم لە ماڵی هاووڵاتییانەوە دوور بوون.

بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، لە ئێستادا سوپای توركیا لە ناوچەكانی دێرەلوك و گوهەرزێ و چەند ناوچەیەكی دیكەی زنجیرە چیای مەتینا بە ئاڕاستەی باكوری كوردستان رۆیشتوون.

لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی پرسی پرۆسەی ئاشتیی لە ئارادایە و لەلایەکی دیکەوە ماوەی تەنها چوار مانگە کۆتایی بە حوکمی بەشار ئەسەد هاتووە لە سوریادا، هەروەها گۆڕانکاری لە چەند پرسێکی سیاسیدا رویانداوە و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەگشتی جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بۆیە فشارێکی نێودەوڵەتی بە گشتیی لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت تر ئەو وڵاتانە هەیە کە شەڕ یان مشتومڕی سیاسییان تێدایە.

ئەگەرچی بەهۆی ئەو رووداوانەی لەو دواییانەدا لە تورکیا روویان داوە ئەویش بەدەر نییە لەو فشارانە، بەڵام لە رووی پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام هێشتا تورکیا بۆردومانەکانی لە چەند ناوچەیەکی ناو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆیە ئەو جوڵەیەی بە سەربازەکانی کردووە لە سنوری ئامێدی، هێشتا نا روونە و هۆکارەکەی دیار نییە.