ترەمپ و پوتن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
رەوەز
١٤ی ئازاری ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا دوێنێ پێنجشەممە، کۆمەڵێک بابەتی گرنگیان تاوتوێ کرد، بەتایبەت دۆخی جەنگی ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2022ەوە بەردەوامە.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروث سۆشیال" رایگەیاند: "دوێنێ گفتوگۆیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک پوتن کرد. دەرفەتێکی باش هەیە بۆ وەستاندنی ئەو جەنگە خوێناوییە."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە "داوام لە سەرۆک پوتن کرد گیانی ئەو سەربازە ئۆکرایناییانە بپارێزێت کە خۆیان رادەستکردووە."
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم گفتوگۆیە پەیوەندیەکی فەرمی نێوان هەردوو سەرۆکە دوای سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی 2024 و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025.
شایەنی باسە، ترەمپ لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیدا بەڵێنی دابوو کە ئەگەر سەرکەوتوو بێت، هەوڵی وەستاندنی جەنگی ئۆکراین دەدات، و دەستبەجێ گفتوگۆ لەگەڵ پوتن دەکات.
جەنگی ئۆکراین و روسیا، کە لە 24ـی شوباتی 2022 دەستی پێکرد، تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس لە هەردوو لا، سەرەڕای هەوڵەکانی نێوەندگیری نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی.
کرملین تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ لێدوانێکی دەربارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکە نەداوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا هەڵوێستی خۆی دەربارەی ئەم گفتوگۆیە بڵاوبکاتەوە.