پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند، سەرقاڵی دروستکردنی دراوێکی دیجیتاڵین بۆئەوەی وردە وردە جێگای دراوی کاغەز بگرێتەوە.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، سیستمی بانکی و دارایی عیراق گۆڕانکاریی بنەڕەتی تێدا دەکرێت، بە جۆرێک بەکارهێنانی دراوی کاغەز بۆ کاروباری رۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە و لەبری ئەوە دراوی دیجیتاڵی و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەکاردێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی عیراق هەوڵدەدات دراوێکی دیجیتاڵی دروست بکات، کە جێگای دراوی کاغەزیی بگرێتەوە و لە بەشێکی زۆری بانکەکانی جیهاندا بەکاربهێنرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە عیراق بەشێوەیەکی جددی کار لەسەر ئەوە دەکات پارەدان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و فەرمانگەکاندا بکات بەشێوەی ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک ئێستا لە زۆرینەی فەرمانگەکاندا پارەدان بۆ مامەڵە و باجەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنییە. ئەم هەنگاوەشی بۆ دروستکردنی دراوێکی دیجیتاڵی یەکێکە لە هەنگاوە نوێیەکان و عیراق پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2028 تەواوی بکات و کاری پێبکات.