وەفدی ئیمراڵی لە هەرێمی كوردستان گەڕایەوە بۆ توركیا
هادی
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و چاوپێكەوتن، وەفدی ئیمراڵی هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت و بڕیارە ئەنجامی كۆبوونەوەكان بۆ رایگشتی بڵاوبكەنەوە.
وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی لەسەر راسپاردەی عەبدوڵا ئۆجەلان، چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركیا و بەشێك لە زیندانیانی سیاسی ئەنجامدا، لەو چوارچێوەیەشدا شەممەی رابردوو وەفدی ئیمراڵی لە سنوری زاخۆوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئەنجامدا.
رۆژی سێشەممەش وەفدی ئیمراڵی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق كۆبووەوە و پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان تاوتوێكرا.
دواتر وەفدی ئیمراڵی گەڕانەوە بۆ توركیا و بڕیارە ئەنجامی كۆبونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ رایگشتی بڵاوبكەنەوە، دواتریش ئەنجامی كۆبوونەوەكان بگەیەننەوە بە ئۆجەلان.
یەڵماز تونچ وەزیری دادی توركیاش سەبارەت لەبارەی سەردانی وەفدەكە بۆ ئیمراڵی رایگەیاندوە، پێشتر وەفدی دەم پارتی دووجار سەردانی ئیمراڵییان كردووە، ئەگەر داواكاری نوێ پێشكەش بكرێت، هەڵیدەسەنگێنن و ڕێگە بە چاوپێكەوتنی ئۆجەلان دەدەن.