سبەینێ سەنتەری نێودەوڵەتی بازرگانی دارایی لە سلێمانی دەكرێتەوە
کەژان
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
سبەینێ بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق، سەنتەری نێودەوڵەتی بازرگانی دارایی لە سلێمانی دەكرێتەوە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ سەنتەری نێودەوڵەتی بازرگانی لە سلێمانی بە ئامادەبوونی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق دەكرێتەوە، وتیشی؛ ماوەی دوو ساڵە هەوڵدەدرێت كە ئەو سەنتەرە لە سلێمانی بكرێتەوە كە وەك بازارێكی دراوی پێشكەوتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لقی بەشێك لە بانكەكان لەو سەنتەردا دەكرێتەوە هەموو جۆر مامەڵەیەكی دراوی تیادا ئەنجامدەدرێت هاوشێوەی بازاری دراوەكەی سلێمانی.
د. نەرمین راشیگەیاند، لەو سەنتەرە لقی بانكەكانی رەشید و رافیدەین ناكرێتەوە هەرچەندە ئەوان زۆریش هەوڵیانداوە ئەو دوو بانكەش لقەكانیان بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم موڵەتی پێنەداون بۆ كردنەوەی لقەكانیان.