هەسەدە و مەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە
لاوان
١٨ی شوباتی ٢٠٢٥
هەسەدە و مەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكی بۆ یەكخستنەوەی هەڵوێستەكانیان و مامەڵەكردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا رێككەوتن.
كەناڵی " عەرەبیە" بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی هێزەكانی هەسەدە ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا و دامەزراوە حكومییەكانیش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر بگەڕێنرێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆبوونەوەكە بانگهێشتی ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریای كردووە بۆ سەردانیكردنی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، داواشیكردووە، هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا بەرزبكرێتەوە و كاربكرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەی كەمپەكان بۆ زێدی خۆیان.
سێ لایەنی بەشداری كۆبوونەوەكە جەختیان لەوەشكردەوە، جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە بنچینەیە بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و دانوستانی راستەقینە لەگەڵ ئیدارەی نوێ سوریا، لەسەر بنەمای ئەو میكانیزمانەی هەردوولا رێكدەكەون لەسەری.