بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم کرد.

لەدیدارێکدا دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی رێکخستنەوە و  یەکڕیزی ماڵی کورد و  یەکگووتاری سیاسی راشکاوانە دوا و ووتی؛ هەر بڕیارێک لەبەرژەوەندی چارەسەری کێشەکانی ژیانی خەڵک و هەرێمەکەمان بێت لەگەڵیداین بەڵام دەبێت نیەتی جدی هەبێت بۆ کارکردنی پێکەوەیی و هاوبەشێتی راستەقینە چونکە هەر هەوڵێک لە دەرەوەی ئەم ویستە نیشتمانییە بە زیان بۆ گەلەکەمان دەشکێتەوە و لەو رووەوە سەرۆک بافڵ روونیشیکردەوە، ئەرکی هەمووانیشە بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەم دۆخەدا مامەڵە بکەن و پێکەوە هەنگاوبنێن بۆ دروستکردنەوەی متمانە و پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کە بە یەکسانی خزمەتی هەمووان بکات و لەئاست داواکاری خەڵکیشدابێت.

سەبارەت بە سووریا و رۆژئاوای کوردستان سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند؛ جەختدەکەینەوە کە لەگەڵ ئەوەداین رێز لە ئیرادەو مافی هەموولایەک بگیرێت و کوردیش بەشێکی گرنگ بێت لە سووریای نوێدا چونکە هەر پەراوێزخستنێک زیان بە ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکە و ناوچەکەش دەگەیەنێت.