لە سبەینێوە هەناردەی مریشك لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
لە سبەینێوە هەناردەكردنی مریشك لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عیراق دەستپێدەكاتەوە و بەهۆیەوە نرخی مریشك لە هەرێم بەرز دەبێتەوە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دوای سێ مانگ لە راگرتنی، بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سبەینێوە هەناردەكردنی مریشك و بەرهەمەكانی پەلەوەری هەرێمی كوردستان لە رێگەی كەركوكەوە بۆ شارەكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە.
بڕیاری ڕاگرتنی هەناردە كردنی مریشك و پەلەوەر دوای ئەوە دێت كە عیراق بەبیانووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو پەلەوەرخانەكان، هاوردەكردنی مریشكی لە هەرێم قەدەغە كرد.
رۆژی چواری ئەم مانگە وەفدێكی كشتوكاڵی عێراق سەردانی هەولێریان كرد و سامپڵیان لە مریشكەكان وەرگرت، ئەمڕۆش پشكنینەكانیان لە بەغداد گەڕانەوە و بێ كێشەبوون، هەربۆیە بڕیاردرا سبەی هەناردەكردنی مریشك دەستپێبكاتەوە.
دووبارە هەناردەكردنەوەی مریشك بۆ كەركوك و ناوچەكانی عیراق، وادەكات نرخی مریشك بەشێوەیەكی بەرچاو لە هەرێمی كوردستان بەرز ببێتەوە.