بۆ پشتگیریی مانگرتووان؛ داوا دەکرێت سبەینێ ناوبازاڕی سلێمانی دابخرێت
هەساو ئەمیر
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
دەستەی پشتیوانانی مانگرتووانی سلێمانی داوای لە دوکاندارەکانی ناوبازاڕ کردووە، بەمەبەستی پشتیوانی لە مانگرتووان، سبەینێ سێشەممە، بۆماوەی یەک کاتژمێر دوکانەکانیان دابخەن.
دەستەی پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی مانگرتووان، ئەمڕۆ لەناو بازاڕی سلێمانی کارتیان بەسەر دوکاندارەکانی ناوبازاڕی سلێمانیدا دابەشکرد و داوایان لێکردن، سبەینێ سێشەممە، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە مانگرتووان لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 12ی نیوەڕۆ، دوکانەکانیان دابخەن.
لەوبارەیەوە بەهار مونزیر چالاکوان و ئەنندامی دەستەکە رایگەیاندووە، "داوای داخستنی دوکانەکانمان لە کاسبکاران کرد، نەخشەکەمان بە ئاراستەی جیاواز دەستنیشانکرد و ئەوانیش بە شۆڕ و شەوقێکی زۆرە پێشوازیان لێکردین".
ماوەی دوو هەفتەیە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و داوای ئەوە دەکەن، چیتر دەست بۆ موچەکانیان نەبرێت و لەکاتی خۆیدا موچەیان پێبدرێت، هەروەها موچەی موچەخۆران بە بانکی بکرێت.