ھاوکات وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ڕۆژی جیھانی پەرستاران تەنیا رۆژێک نییە بەرامبەر پیرۆزی ئەو پیشەیە و دڵسۆزی پەرستاران بەڵکو پەیامێکی گەورەی مرۆڤدۆستیە، پەرستار جێگرەوەی دایک وباوک و خوشک و برایە لە ناو دامودەزگا تەندروستییەکان بۆکەمکردنەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکان.
لە بەشێکی تریشدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، لەکاتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی بوون بە فریادڕەس و رزگارکەری سەدان ھەزار ھاوڵاتی لە ھەموو قۆناغەکانی خۆپارێزی و گەڕان و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن تا ڕادەی خۆبەختکردن و قوربانیدان بە خۆیان و خانەوادەیان.
ھاوکات ئەنجومەنی جیھانی پەرستاران لە ساڵی ١٩٥٦ەوە رۆژی ١٢ی ئایاری وەک رۆژی جیھانی پەرستاران دەست نیشان کردووە، ساڵانە لەو رۆژەدا چەندین چالاکی و بۆنە رێک دەخرێت بۆ رووناکی خستنە سەر رۆڵ و گرنگی پەرستاران و چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی لە کاتی کاردا رووبەروویان دەبێتەوە.
بەپێی دواین داتای تەندروستی جیھانی لە ساڵی رابردوو بڵاوی کردۆتەوە لە ھەموو جیھاندا ٢٨ ملیۆن پەرستار بوونی ھەیە، ئەوەش ٥.٩ ملیۆن پەرستار کەمترە لەو رێژەی جیھان بە پێی ژمارەی دانیشتوان پێویستی پێیەتی، تەندروستی جیھانی داوای لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوە جیھانییەکە کردووە تا ساڵی ٢٠٣٠، ٦ ملیۆن دەرفەتی کار بۆ پەرستاران دروست بکەن بۆ ئەوەی ژمارەی پەرستاران لە جیھاندا لەئاستی پێویستدا بێت .
بەپێی بەدواداچوونی رێکخراوی تەندروستی جیھانی  کێشەی کەمی پەرستارا زیاتر لە وڵاتە ھەژارەکاندا بوونی ھەیە  وەک وڵاتانی ئەفریقا و باشوری خۆرھەڵاتی ئاسیا و خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ھەندێک وڵاتی ئەمریکای لاتین .