ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە پەتایەکی قورس لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و نیشانەکانی قورسن و بە گشتی منداڵان لە سەرجەم تەمەنەکاندا دەگرێتەوە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیش باس لە نیشانە و چارەسەرەکانی دەکات.
بەختیار قادر پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی فێرکاری لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا بەهۆی وەرز گۆڕینەوە کەش دەگۆڕێت و چەندین جۆری ڤایرۆس و بەکتریا چالاک دەبن و دەبنە هۆی ژەهراویبوونی چەندین خۆراک، هەر بۆیە پەتا لەم وەرزانەدا بڵاو دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەم پەتایە جیادەکاتەوە ئەوەیە نیشانەکانی قورسترن، کە رۆژانە نزیکەی 750 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکات، نزیکەی 500یان توشی ئەم پەتایە بوون.
وتیشی، نیشانەکانی پەتاکە قورسن و لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، کە منداڵ نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکەی قورسی هەیە و دواتر لێیدەکات بە سکچوون و رشانەوە، پەتاکە هەردوو کۆئەندامی هەرس و هەناسە دەگرێتەوە.
منداڵانی خوار دوو ساڵ نیشانەکانیان بە قورسی تێدا دەردەکەوێت
باسی لەوەشکرد، بەگشتی منداڵانی خوار دوو ساڵ و بەتایبەتیش خوار شەش مانگ زۆر بە قورسی پەتاکە دەگرن و سەرجەم نیشانەکانیان هەیە و کۆکەیان زیاترە، بەڵام لە سەروو دوو ساڵەوە زیاتر نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکە و هەوکردنی سنگیان هەیە و لە ١١ و ١٢ ساڵ بەرەو سەریش زیاتر سکچوون و رشانەوە دەگرن.
ئەو پزیشکە داواش لە دایک و باوکان دەکات، ئەگەر نیشانەکانیان لە منداڵەکانیاندا بەدیکرد نەیانبەنە لای یاریدەدەرە پزیشکییەکانی گەڕەکەکان بەڵکو پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیانبینێت، بەتایبەت پێدانی دەرمانی دژە میکرۆب بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ زیانی زۆر بە منداڵەکە دەگەیەنێت لەبری ئەوەی چاکی بکاتەوە.
رێنمایی بۆ دایک و باوکان
دکتۆر بەختیار قادر رێنمایی دایک و باوکان دەکات بەوەی ئەگەر منداڵەکانیان نیشانەی توندی پەتاکەی نەبوو لەدوای بینینی پزیشك و وەرگرتنی دەرمان، لە ماڵەوە چارەسەریان بۆ بکەن زۆر باشترە لەوەی لە نەخۆشخانە بن.
دەشڵێت: لە ماڵەوە دەرمانەکانیان لەکاتی گونجاودا بدەنێ و شۆربایان بۆ بکەن، هەروەها ئەو موغەزیانەی دەگیرێنەوە بیدەن بە منداڵەکانیان باشترە لەوەی لە نەخۆشخانە بن و ئاویان بۆ هەڵبواسن.
ئەو پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر منداڵ موغەزی نەخواردەوە، ئەوا دایک و باوکان خۆیان بۆیان ئامادە بکەن، کوپێک ئاو بهێنن و بەهێندەی کەوچکێکی چا خوێ و شەکری تێبکەن و بیدەن بە منداڵەکانیان، یانیش شۆربای جیاوازیان بۆ دروست بکەن".
باسی لەوەشکرد، لەو کاتانەدا ئاو بەتەنیا منداڵەکە زیاتر وشک دەکاتەوە و توشی سکئێشە و سەرگێژخواردنی دەکات، بۆیە پێویستە ئاو بە خوێ و شەکرەوە بیاندرێتێ یان ماستاویان بدرێتێ.
لەکۆتاییدا روونیشیکردەوە، پێویستە دایک و باوکەکان بەلایانەوە ئاسایی بێت کاتێک دەرمانەکانیش دەدەن بە منداڵ بەڵام هێشتا توشی تا دەبێتەوە و نیشانەکانی هەیە ئەگەر زۆر توند نەبێت، چونکە بە گشتی پێنج رۆژی دەوێت بۆ چاکبوونەوە، بۆیە لەو ماوەیەدا پێویستە دەرمانەکانی بە رێکوپێکی پێبدەن و چاودێری بکەن تاوەکو پەتاکە تێدەپەڕێنێت.