لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەو هەڵانە دەکەین کە نابێت لەدوای بەربانگ ئەنجام بدرێت.

بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"

رۆژووەوانان لەکاتی بەرۆژووبووندا زیاتر لە 13 سەعات هیچ خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆن و ناخۆنەوە، بەو جۆرەش جەستە هەوڵ دەدات خۆی لە ژەهرەکان پاک بکاتەوە، بۆیە گرنگە دوای رۆژووشکاندن چەند هەڵەیەک نەکرێت کە جەستە ئازار بدەن و ئەو سیستمی پاککردنەوەیە تێکبدەن.

نابێت لەکاتی رۆژووشکاندن و دوای بەربانگ ئاو بە رێژەیەکی زۆر بخورێتەوە، ئەو ئاوەشی دەخورێتەوە دەبێت شلەتێن بێت و سارد نەبێت.

پزیشکەکان ئەوە باس دەکەن، باشترین کار ئەوەیە دوای بەربانگ چا نەخورێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی کاری ریخۆڵەکان و کرداری هەرس سست دەکەن، هەروەها رێگە لە ریخۆڵە دەگرن کە ڤیتامینی خواردنەکان هەڵمژن.

لە باشترین کارەکان ئەوەیە دوای بەربانگ شیرینی نەخورێت، جگە لەوەی شکاندنی رۆژوو بە شیرینی خراپە، دوای بەربانگیش زیانی زۆری هەیە و چەوری کەڵەکەبووی جەستە زیاد دەکات.

نابێت دوای رۆژووشکاندن راستەوخۆ وەرزش بکرێت، چونکە جەستە لە سەرەتای هەرسکردنی ژەمێکی سەرەکیدایە دوای 13 سەعات لە نەخواردنی نان، باشترین کات بۆ وەرزشکردن لانیکەم دوو کاتژمێر و نیو دوای بەربانگکردنەوەیە.

هەروەها گرنگە رۆژووەوانان خواردنی ماست و سەوزەکان لەبیر نەکەن، چونکە وزەی پێویست دەدەن بە جەستە و لە وشکبوونەوە دەیپارێزن.