پارشێو.. ژەمە ئاڵتونییەکەی مانگی رەمەزان؛ یەکەم پارشێوت چۆن دەست پێ دەکەیت؟
هەساو ئەمیر
١ی ئازاری ٢٠٢٥
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆ باس لەوەدەکەین یەکەم پارشێو چۆن دەست پێ بکرێت و ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان داببەزێنن چی بخۆن.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
ژەمی پارشێو لە مانگی رەمەزاندا گرنگترین ژەمە کە دەکرێت وا لە جەستە بکات تەندروست بێت یان نا.
پارشێو؛ ئەو ژەمە ئاڵتونییەیە کە ئەگەر فەرامۆشی بکەیت رەنگە روبەڕوی گرفتی تەندروستی زۆر ببیتەوە بە درێژایی ئەو مانگەی تێیدا بەرۆژوو دەبیت.
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، پارشێونەکردن لە هەندێک کاتدا دەبێتە هۆی دابەزینی شەکری خوێن و شەکەتی و بێهێزی بەدرێژایی رۆژ، هەروەها دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و زۆرتر هەستکردن بە تینوێتی و قەبزی و تێکچوونی ئاستی کانزاکان.
نەخواردنی ژەمی پارشێو دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرئێشە و کەمبوونەوەی بەرگری جەستە، ئەوە جگە لەوەی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە مانگی رەمەزاندا کێشی جەستەیان داببەزێنن، زۆر بەسودە.
پزیشکانی پسپۆڕی خۆراک دەڵێن، ئەگەر تۆ کەسێکیت دەتەوێت هاوشانی ئەرکە ئاینییەکەت لە مانگی رەمەزاندا کێشی جەستەشت داببەزێنیت، ئەوا پێویستە ئەو ژەمە فەرامۆش نەکەیت، چونکە نەک تەنها کێشت پێی دانابەزێت، بەڵکو کاریگەریی نەرێنی لەسەر میکانیزمی دابەزاندنی کێش دەبێت، بەهۆی نزمبوونەوەی رێژەی سوتانی چەوری و زیندەچالاکی لە جەستەدا، هەروەها زیادبوونی هەستی برسێتی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زۆرخۆری لە کاتی بەربانگدا.
پێویستە هەموو کەسێک پارشێوان دڵنیا بیتەوە لەوەی ئەو خواردنانە بخوات کە جەستە بە شێداری و پڕ وزەیی دەهێڵنەوە بەبێ ئەوەی زیاخۆرییان تێدا بکات.
ئەو خواردنانەی بەسودن بۆ پارشێو و هێشتنەوەی جەستە بە تەندروستی پێویستە دەوڵەمەند بن بە پرۆتین و پۆتاسیۆم و کالۆرییان کەم بێت، وەک هێلکەی کوڵاو و پەنیری کەمچەوری و پاقلە و نیسک.
هەروەها، باشترین خواردنەکان شیرەمەنییەکان و پاقلمەنییەکانن، لەگەڵ ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان.
ماست باشترین ژەمە بۆ پارشێو، چونکە کالسیۆم و پڕۆتین و ڤیتامینەکانی تێدایە و وادەکات زوو تینوت نەبێت، هاوکات، بەهۆی هەبوونی بەکتریای سودبەخش تیایدا، هاوکاری کرداری هەرس دەکات.
جگە لەوەش هەریەک لە گوێز و هەنگوین، لۆبیا و نۆکاو، هەروەها شۆفان و شیر و چەرەساتەکان کە ئەگەر نەبرژابن باشترە، راشی و کونجی و خورما ژەمە سودبەخشەکانن، ئەگەر کەسێکیش ئیشوکاری رۆژانەی قورس بێت دەتوانێت برنج و مەعکەرۆنی بۆ خواردنەکانی زیاد بکات، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە چەور نەبن.
پزیشکەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، خواردنە چەورەکان و خواردنی خێرا، هەروەها خواردنی ترش و تیژ و سوێر لەگەڵ شیرینییەکان و خواردنەوە گازییەکان ئەو ژەمەخۆراکانەن کە نابێت بەهیچ شێوەیەک بۆ پارشێو هەڵیانبژێریت، چونکە وادەکەن جەستە ماندوو ببێت بە هەرسکردنیانەوە و زیاتر هەست بە تینوێتی بکەیت.
دەشڵێن، گرنگە پارشێوان چا نەخورێتەوە، ئەگەر خواردیشتانەوە با رەنگی کاڵ بێت و دارچینی تێبکەن بۆئەوەی توشی سەرئێشە نەبن لە رۆژدا، خۆ باشترە ئەگەر لەبری چا ئاو بخۆنەوە، بەڵام هێشتا نابێت زیاڕۆیی لە خواردنیدا بکەن.
لەبارەی سەوزە و میوەکانیشەوە ئەو میوانەی بەسودن بۆ پارشێوان بریتین لە: تەماتە و خەیار، سپێناخ و کاهوو و زەیتوون، هەروەها شووتی و کاڵەک، مۆز و شیلک و لە سەوزە و میوە بەهارەییەکانیش وەک چوالە، هەڵوژە و رێواس.
جگە لەوانەش پزیشکەکان ئامۆژگاریی رۆژووەوانان دەکەن، کە ژەمی پارشێویان خوارد تاوەکو نیو کاتژمێر دوای نان خواردن پاڵنەکەون و نەخەونەوە.