لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەوەدەکەین باشترین خواردنەکان بۆ رۆژوو شکاندن چین.

بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"

پزیشکەکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە بە رۆژوو دەبن، هەرگیز رۆژووەکانیان بە خواردنی قورس و چەور و شیرینی دەستکرد نەشکێنن.

بەپێی ئامۆژگاریی پزیشکەکان، باشترین رێگا بۆ شکاندنی رۆژوو بۆ ئەو کەسانەی تەندروستیان باشە و هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیان نییە، خواردنی دەنکێک خورمایە.

بەهۆی ئەوەی شەکری ناو خورما شەکرێکی تەندروستە و دەستکرد نییە، دەکرێت لەدوای ئەو کاتە زۆرەی گەدەت بەتاڵ بووە، بە خورما رۆژووەکەت بشکێنیت، بەڵام نابێت لەوەشدا زۆرخۆری بکرێت و یەک دەنگ خورما گونجاوترین بژاردەیە.

لەبارەی شلەمەنییەکانیشەوە، نیو پەرداخ یان یەک پەرداخ ئاوی شلەتێن، یانیش شەربەتێکی فرێش کە لە ماڵەوە دروست کرابێت، بەڵام ئەویش سارد نەبێت و شلەتێن بێت، چونکە ئەگەر ئاو یان شەربەت سارد بێت، توشی ئازاری گەدە و تێکچوونی کرداری هەرست دەکات.

لەدوای خواردنی خورما و ئاو، خواردنی شۆربایەک باشترین بژاردەیە، کە لە ماڵەوە دروستکرابێت و شۆربای ئامادەکراو نەبێت، لەدوای ئەوەش پێویستە رۆژووەوانان نوێژەکانیان بکەن و لانیکەم 15 خولەک چاوەڕێ بکەن، پاشان دەست بکەن بە خواردنی ژەمی سەرەکی.