بە چەند رێگایەک هەڵوەرینی قژ رابگرە
هەساو ئەمیر
٢١ی شوباتی ٢٠٢٥
هەڵوەرینی قژ یەکێکە لەو گرفتانەی کە بەشێکی زۆری خەڵک پێوەی دەناڵێنن کە زۆر هۆکاری جیاواز هەن دەبنە هۆی قژهەڵوەرین.
کەمی ڤیتامینەکان، توشبوون بە پەتای قورس، پیسی ژینگە و کەشوهەوا، بەکارهێنانی جۆری نەگونجاوی شامپۆ، هەندێک جۆری دەرمان، سترێس و ماندوویی و کەمخەوی، جۆری بەرگی سەرین و چەندین هۆکاری دیکە هەن دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ.
ئەگەر کەسێک بیەوێت هەڵوەرینی قژی رابگرێت، سەرەتا پێویستە دڵنیابێتەوە لەوەی گرفتی کەمی ڤیتامینەکانی نییە یان لەژێر کاریگەریی هیچ دەرمانێکدا نییە، هەروەها پێویستە زوو زوو بەرگی سەرینەکەی بشوات و دڵنیاببێتەوە لەوەی بەرگەکەی هیچ ماددەیەکی نایلۆنی تێدا نەبێت.
دەتوانێت چەند ماسکێک بۆ قژت بەکاربهێنێت بۆ راگرتنی هەڵوەرین و دووبارە بەهێزبوونەوەی:
1.دوای سەرشووشتن، یەک کەوچکی چا تۆوی کەتان بکەرە کوپێک ئاوەوە و کەمێک لەسەر ئاگر دایبنێ بەر لەوەی بکوڵێت ئاوەکەی جیا بکەرەوە و کە سارد بووەوە بیدە لە قژت، دواتر قژت وشک بکەرەوە، ئەوەش رێگە لە هەڵوەرینی قژت دەگرێت.
2.بۆ راگرتنی هەڵوەرین و دووبارە پڕبوونەوەی قژ و زوو درێژبوونەوە، ئالۆڤێرا و زەیتی گەرچەک تێکەڵاو بکە و بۆماوەی یەک تاوەکو دوو کاتژمێر بیدە لە بێخی سەر، دواتر سەرت بشۆ.
3.ئاوی پیاز و زەیتی گەرچەک و ئالۆڤێرا تێکەڵاو بکە و ماوەی 20 خولەک بیدە لە بێخی سەر و دواتر سەرت بشۆ، بەهەمان شێوە بەسوودە بۆ دووبارە هاتنەوەی تاڵە هەڵوەریوەکان و زوو درێژبوونەوەی قژ.
4.زەیتی گوێزی هیندی و گەرچەک تێکەڵاو بکە و بۆماوەی یەک یان دوو کاتژمێر بیدە لە بێخی سەر و تاڵەکانی قژ، پتەوتر دەبن و زوو درێژ دەبنەوە، دەشبێتە هۆکارێک بۆ وەستاندنی هەڵوەرینی تاڵەکان و دووبارە گەشەکردنەوەیان.