نەخۆشی هاری کە بە هاری سەگ ناسراوە، ئەو نەخۆشییەیە کە لە ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەگەرچی تەنها سەگ هۆکاری ئەو نەخۆشییە نییە، بەڵام نزیکەی 99٪ی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ئەو نەخۆشییە لە جیهاندا بەهۆی گەستنی مرۆڤ بووە لەلایەن سەگی بێلانەوە.

هۆکاری نەخۆشیی هاری ڤایرۆسیrabies virus ـە، لە گروپی lyssavirus کە چەند ڤایرۆسێکن، کە دوای گەستن و پێوەدانی ئاژەڵ و بەشێک لە خشۆکەکان و لە باڵندەشدا شەمشەمە کوێرە دەکرێت تووشی مرۆڤ ببێت، دوای گەستنیش دەتوانرێت بە ڤاکسین رێگری لێبکرێت، بۆیە پێویستە ئەو کەسەی رووبەڕووی هێرش و گەستنی یەکێک لەو ئاژەڵ و خشۆکانە دەبێتەوە، وەرگرتنی ژەمەکانی ڤاکسینەکە پشتگوێ نەخات، بەپێچەوانەوە ئەگەری هەیە تاوەکو لێواری مەرگ بیبات.

ڤایرۆسی رابیس لەرێگای گەستن و پێوەدان، یان بەرکەوتن بە شوێنی برینی ساڕێژ نەبووەوە دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤ، یانیش ئەگەر لیکی ئاژەڵ بەر دەم یان چاوی کەسەکان بکەوێت.

ئەو کەسەی لەلایەن ئاژەڵ و ئەو خشۆکانەوە دەگەسترێت کە توشی نەخۆشییەکە بوون یان هەگری ڤایرۆسەکەن، پێویستە راستەوخۆ بگەیەنرێنە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەربگرن.

 

چی بکرێت ئەگەر رووبەڕووی گەستن و پێوەدانی ئاژەڵ و خشۆک بوویتەوە:

ئەگەر کەسێک رووبەڕووی گەستن لەلایەن ئاژەڵێک بووەوە، یانیش یەکێک لەو خشۆکانەی هۆکارن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە راستەوخۆ بچێتە نەخۆشخانە، تەنانەت ئەگەر برینەکەی قوڵیش نەبێت، بۆئەوەی پزیشکەکان پشکنینی پێویستی بۆ بکەن، بەتایبەت ئەو ئاژەڵانەی بێلانەن.

پاککردنەوەی برین یەکێکە لە رێکارە گرنگەکان، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە ئەو کەسە ڤاکسینەکان لەکاتی خۆیدا وەربگرێت و لەیادی نەکات، بەوجۆرە دەتوانێت رێگری لە توشبوون بە نەخۆشییەکە بکات، بەپێچەوانەوە توشی نەخۆشییەکە دەبێت کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و بەپێی ئامارەکان، ساڵانە نەخۆشی هاری دەبێتە هۆی مردنی سەتان کەس لە جیهاندا.

بەپێی وتەی پزیشکەکان، ڤایرۆسەکە ماوەی 24 کاتژمێر لەدوای مرداربوونەوەی دەتوانێت لە جەستەی ئاژەڵدا بمێنێتەوە، بۆیە دەبێت ئەگەر ئاژەڵێک مرداریش بووبێتەوە، بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

 

نیشانەکانی نەخۆشییەکە

دەرکەوتنی نیشانەکانی توشبوون بە هاری دەگۆڕێت و بە گشتی لەماوەی یەک رۆژ تاوەکو چەند ساڵێکدا دەردەکەوێت. نیشانە سەرەکییەکان بریتین لە:

-هەستیار بوونی مرۆڤ بە دەنگ و رووناکی و ئاو و هەوا

-تێکچوونی خەو

-توڕەبوون

-نائارامی بەردەوام

-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە

-سەرئێشە

-لەدەستدانی ئارەزووی خواردن

-لەرزین و تەزوو یان گرژبوونی ماسولکە

-توڕەیی و هەڵچوون

-گۆڕانی رەفتار و کەسایەتی و بیرکردنەوە

هەندێک جار ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی مێشک و بەهۆیەوە ماسولکەکان خاو دەبنەوە و لە جوڵە دەکەون، وەک نیشانەی ئیفلیجی دەردەکەون. بەتایبەت خاوبوونەوەی ماسولکەکانی بۆڕی هەوا و دڵ، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای قوتدان و هەناسەدان.

'دەڵێی سەگی هاری'

نەخۆشی هاری ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، ئەگەر کەسی توشبوو نەخۆشییەکەی درێژە بکێشێت و چارەسەری وەرنەگرتبێت، رەنگە بگاتە قۆناغێک کە پەلاماری کەسانی چواردەوری خۆی بدات، ئەمە وەک ئەو وێردەی سەر زمانی خەڵک وایە، کاتێک کەسێک بەشێوەی نەشیاو وەڵامبداتەوە و زۆربڵێ لەگەڵیدا، دەوترێت، "دەڵێی سەگی سەگی هارە".

بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، دەرکەوتنی نیشانەکانی هەڵچوون و پەلاماردان مانای ئەوەیە کەسەکە لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەیدایە و لە مردن نزیک بووەتەوە.

 

خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە:

-کوتانی ئاژەڵی ماڵی.

-بەکارهێنانی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانەی مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵی بێلانەدا هەیە.

-دوورکەوتنەوە لە ئاژەڵی بێلانە و شوێنێک کە کژ و گیا و پووشی زۆر بێت و بەردەم قاچت نەبینی لەکاتی رۆیشتندا.

-نابێت رێگە بدرێت ئاژەڵی ماڵی بچێتە دەرەوەی ماڵ و تێکەڵاوی ئاژەڵی بێلانە ببێت.

-پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵی مردراربووەوەدا بکرێت.

 

کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی هاری سەگ

رێگای سەرەکی ئەوەیە سەگە بێلانەکان بە پێکوتەی نەخۆشییەکە بکوترێن، کە تاوەکو ئێستا لە جیهاندا ئەوە رێگایەکی سەرکەوتوو بووە.

یەکێک لەو وڵاتانەی ئەو رێگایەی گرتەبەر بەنگلادیش بوو، کە لەرێگای پلانێکی درێژخایەنی 10 ساڵییەوە، لە ساڵی 2010 بۆ 2020 هەڵمەتی کوتانی سەگە بێلانەکانی ئەنجامدا و توانی لەو رێگایەوە بەرێژەی 95٪ نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکای لاتینیش یەکێکە لەو وڵاتانەی لەرێگای ئەو پلانەوە توانی توشبوون بە هاری کۆنتڕۆڵ بکات و ژمارەی توشبوون کەم بکاتەوە.

 

نیشانەکانی توشبوونی ئاژەڵ بە ڤایرۆسەکە

نیشانەکان تاڕادەیەک هاوبەشن، هەمان ئەو نیشانانەن کە لە مرۆڤەکاندا دەردەکەون، هەر بۆیە بە نەخۆشییەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ دادەنرێت.

ئەگەر ئاژەڵێک لەلایەن ئاهەڵێکی دیکەوە بگەسترێت، ئەوا پێویستە بۆماوەی ١٠ رۆژ کەرەنتین بکرێت تاوەکو چارەسەر وەربگرێت، هەروەها بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی ئەویش ئازاری هیچ کەسێک و ئاژەڵێکی دیکە نادات.

سەگی توشبوو بە نەخۆشی هاری چاکنابێتەوە، بۆیە دەبێت داببڕێنرێت و رێگەنەدرێت تێکەڵاوی ئاژەڵ و مرۆڤی دیکە ببێت، یانیش بەر لە دەرکەوتنی نیشانە سەختەکانی ئیفلیجبوون، دەکریت بەشێوەیەکی مرۆڤانە لەناو ببرێت.

نیشانەکان بریتین لە هەستیاربوونی ئاژەڵەکە بە دەنگ و رووناکی و دەستلێدان، نائارامی و گۆڕانی رەفتاری، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، دوورکەوتنەوە لە مرۆڤ و ئاژەڵی دیکە، گۆڕانی وەڕین و دەنگ.

لە سەرەکیترین نیشانەن هاتنەخوارەوەی لیکە بە ئەملاولای دەمی ئاژەڵەکەدا.

لە قۆناغی بەردەوامی نەخۆشییەکەشدا، نیشانەکانی توڕەبوون و هەستیاری زیاتر پێوەدیار دەبێت و پەلاماری ئاژەڵ و کەلوپەل و کەسانی چواردەور دەدات.

لە کۆتا نیشانەکانیش بریتین لە، سەختبوونی هەناسەدان و لەکارکەوتنی کۆئەندامی هەناسە، هەروەها لاوازی و لەکۆتاییشدا مرداربوونەوە.