بەرپرسانی خولی 87ـی فێستیڤاڵی فیلمی کان، ڕایانگەیاند کە سەرۆکایەتی دەستەی دادوەری ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە دراوە بە ئەکتەری بەناوبانگی فەرەنسی، جولیێت بینۆش.
وابڕیارە فێستیڤاڵی کان لە نێوان 13 بۆ 24ـی ئایار لە شاری کان لە باشووری فەرەنسا بەڕێوەبچێت، جولیێت بینۆشی تەمەن 60 ساڵ، جێگەی گریتا گێرڤیگ، دەرهێنەر و ئەکتەری ئەمریکی بگرێتەوە، کە لە ساڵی 2024دا سەرۆکایەتی دەستەی دادوەری فێستیڤاڵەکەی دەکرد.
دەستەی سوێندخواردن لە ساڵی 2024 خەڵاتی پاڵم دۆریان بە فیلمی "ئانۆرا" بەخشی، کە ئێستا پاڵێوراو بووە بۆ شەش خەڵاتی ئۆسکار.
بە وتەی بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی کان، ئەمە دووەم جارە لە مێژووی فێستیڤاڵی کاندا کە دوو خانمە ئەکتەر لە دوو خولی دوای یەکدا سەرۆکایەتی دەستەی دادوەری فێستیڤاڵەکە بکەن.
سۆفیا لۆرن پێشتر لە ساڵی 1960جێگەی ئۆلیڤیا دی هاڤیلاند وەک سەرۆکی دەستەی دادوەری فێستیڤاڵەکە گرتبووەوە.
جولیێت بینۆش یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی سینەمای فەرەنسا و خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەری رۆڵی پاڵپشت، لە ساڵی 1997 بۆ فیلمی "نەخۆشی ئینگلیزی" بەدەستهێنا.
هەروەها لە ساڵی 2010 خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵی فیلمی کان وەرگرتووە بۆ ڕۆڵی لە فیلمی " Certified Copy"ی دەرهێنەری ئێرانی عەباس کیارۆستامی.
بینوش، جیا لە نواندن و رۆڵە بەردەوامەکانی لە فیلمە بەناوبانگەکانی سینەمای فەرەنسیدا، چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان و پەنابەرانە.
لە نوێترین لێدوانیدا، بینوشی وتی: دڵخۆشم کە لەو فێستیڤاڵەی لێی پەروەردە بووم، دەبمە دادوەر.