ماری كۆپه‌ر خانمێكی ئه‌مریكی ته‌مه‌ن 81 ساڵه‌، له‌كاتی ماڵ گواستنه‌وه‌دا، كۆمه‌ڵێك كارتۆن و سندوقی له‌ ماڵه‌ كۆنه‌كه‌یه‌وه‌، هێناوه‌ بۆ ماڵه‌ تازه‌كه‌ی. كارتۆن و سندوقه‌كان كه‌لوپه‌لی دایكه‌ كۆچكردووه‌كه‌ی تێدا بووه‌.

ماری له‌ ماڵه‌ تازه‌كه‌یدا، دوای كردنه‌وه‌ی كارتۆن و سندوقه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی ناویان، له‌ یه‌كێك له‌ سندوقه‌كان، كتێبێك ده‌بینێت به‌شێوه‌ی خواستن له‌ كتێبخانه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و ده‌بوایه‌ پێش 99 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كتێبه‌كه‌ بگه‌ڕێنرایه‌ته‌وه‌ بۆ كتێبخانه‌كه‌.

ماری كۆپه‌ر له‌ شارۆچكه‌ی بێركلی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی نیوجێرسی ئه‌مریكا ده‌ژی، به‌ تۆڕی هه‌واڵی "سی ئێن ئین"ی راگه‌یاندووه‌: "من به‌ناو كتێبه‌كاندا ده‌گه‌ڕام و سه‌یری كتێبه‌كانم ده‌كرد و كتێبی (دروستكردنی یاری بۆ كوڕان و كچان) م به‌رچاوكه‌وت،‌ بیرمكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ كتێبێكی باشه‌، له‌وانه‌یه‌ كوڕه‌كه‌م حه‌زی لێ بكات، چونكه‌ كوڕه‌كه‌م حه‌زی له‌ دروستكردنی كاری ده‌ستییه‌".

بەڵام سه‌روه‌ختێك ماری كۆپه‌ر كتێبه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌، ده‌بینێت "نیلی هۆل" نووسه‌ری كتێبه‌كه‌یه‌ و تێده‌گات ئه‌م كتێبه‌ له‌ مانگی ئاداری ساڵی 1926 له‌ كتێبخانه‌ی هه‌رێمی ئۆشن له‌ نیوجێرسی، به‌ خواستن وه‌رگیراوه‌. وه‌لێ ساڵی دواتر، واته‌ ساڵی 1927 باپیرهی،‌ چارلز تیلیۆن كه‌ كتێبه‌كه‌ی به‌ خواستن وه‌رگرتووه‌، كۆچی دوایی ده‌كات، به‌م جۆره‌ كه‌س ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئه‌م كتێبه‌ له‌ كتێبخانه‌ خواستراوه‌ و پێویسته‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ ساڵی 1911 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ رێنمایی وێنه‌دار، سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دروستكردنی هه‌ندێك یاری ساده‌ و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ له‌‌ ته‌خته‌ و كانزاكان. له‌م باره‌یه‌وه‌ ماری كۆپه‌ر ده‌ڵێت: "باپیرم كچێكی بچووكی هه‌بوو، وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌م‌ حه‌زی كردووه‌ هه‌ندێك یاری بۆ دروست بكات".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ماری كۆپه‌ر، هیچ یارده‌وه‌رییه‌كی له‌گه‌ڵ باپیری نه‌بووه‌، چونكه‌ كاتێك ئه‌م له‌دایك بووه‌، باپیری كۆچی دوایی كردووه‌ و دایكی سه‌باره‌ت به‌ باپیری، هه‌ندێك به‌سه‌رهات و چیرۆكی بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌. ماری كۆپه‌ر بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ دایكی پێی وتووه باپیری له‌ ته‌خته‌ به‌له‌می چارۆكه‌داری بۆ دروستكردووه‌. ماری كۆپه‌ر دواتر له‌ نیوجێرسی ئه‌و به‌له‌مه‌ چارۆكه‌دارانه‌ی پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی كردووه‌.

سه‌روه‌ختێك ماری كۆپه‌ر كتێبه‌كه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، بڕیارده‌دات بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كتێبخانه‌كه‌. كاتێك ده‌ڕواته‌ ناو كتێبخانه‌كه‌وه‌، پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ چی ڕووده‌دات. به‌ڵام هیواداربووه‌ كتێبخانه‌كه‌ به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ ڕازیببێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ماری كۆپه‌ر نیگه‌رانی ئه‌وه‌ بووه‌، له‌وانه‌یه‌ كتێبخانه‌كه‌ به‌هۆی دواخستنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌، سزای دارایی بدات و بڕێك پاره‌ی لێ وه‌ربگرێت.

لێره‌وه‌ كاتێك ماری كتێبه‌كه‌ ده‌دات به‌ فه‌رمانبه‌ری كتێبخانه‌كه‌، به‌ شۆخییه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ت درنگ گه‌ڕانووه‌ته‌وه‌، سزای دارایت بده‌ین، ده‌بێت بڕی 18 هه‌زار دۆلارت لێ وه‌ربگرین. به‌ڵام فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی له‌بری ئه‌وه‌ی سزای بدات، كاتێك كتێبه‌كه‌ی لێ وه‌رگرتووه‌ و چاوێكی به‌ كتێبه‌كه‌دا خشاندووه‌،‌ به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری كردووه‌: "ئای خوایه‌.. ئه‌م كتێبه‌ ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 100 ساڵه‌.. ڕاوه‌سته‌ و نه‌ڕۆیت بۆ هیچ شوێنێك"، ئیدی لانی كه‌م ده‌ كه‌س له‌و ناوه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و پێیانخۆش بووه‌ كتێبه‌كه‌ ببینن و ده‌ستی لێ بده‌ن. له‌ ئێستادا كتێبه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك یادگاری دیكه‌دا، له‌ناو سندوقێكی داخراو پارێزراوه‌ و ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی كتێبخانه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ده‌توانن بیبینن.