بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ شەهیدبوونی "محەمەد رەشید ژاڵەیی" کارمەندی دەزگای ئاسایشی ھەرێم پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات و دەڵێت بەڵێن بە خانەوادە سەربەرزەکەی شەھید محەمەد و ھاوڕێیانی دەدەین تۆڵەی ئەم خوێنە دەکەینەوە و ھیچ بوارێک بۆ تیرۆریستان ناھێڵینەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
شەھیدبوونی کاک محەمەد رەشید ژاڵەیی، کارمەندی ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی خاکی کوردستاندا، لە قووڵایی دڵمانەوە نیگەرانیکردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەکەی، ھاوڕێیان و ھێزەکانی ئۆپراسیۆن دەکەم و لەخوای گەورە داواکارم شیفای بریندارەکان بدات.
دڵنیایی بەھەموولایەک دەدەین ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان ھێڵی سوورە و تاوەکو خاوەنی ئەو ھێزە قارەمان و تێکۆشەرانە بین، ژیانی خەڵکەکەمان لە ئارامی و ئاسایشدا دەبێت. بەڵێن بە خانەوادە سەربەرزەکەی شەھید محەمەد و ھاوڕێیانی دەدەین تۆڵەی ئەم خوێنە دەکەینەوە و ھیچ بوارێک بۆ تیرۆریستان ناھێڵینەوە.
خوای گەورە شەھید محەمەد بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموو لایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان