سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێک ئاڕاستەی دەنگدەرانی تایبەت دەکات

9کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی ھێزە ئەمنیەکان دەکات و دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژێکە تاوەکو بڕیارە گرنگ و یەکلاکەرەوەکە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەکانتان بدەن.

دەقی پەیامەکە... 

خوشک و برا و ھاوڕێکانم
ھێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش

سبەی رۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە پرۆسەی حوکمڕانی و کۆتاییھێنان بە عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاکڕەوی و جیاکاری. سبەی رۆژێکە تاوەکو بڕیارە گرنگ و یەکلاکەرەوەکە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەکانتان بدەن. ئەو رۆژەیە کە دەتوانن بە دەنگەکانتان کۆتایی بە غەدر و نادادیی ئەم حوکمڕانییە چەوتە بھێنن کە ھەمووشتێکی بۆ گرنگە ژیان و گوزەرانی ئێوە نەبێت. بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بیرتانبێت ئەوەی لە بەغدا شەڕی مووچە و قووتی ئێوەی دەکرد، ئەوەی سنووری بۆ تاکڕەوییەکان دانا و دژی جیاکاری و گەندەڵییەکان وەستایەوە، ئەوەی خەمی ئێوە و نەوەکانتانی دەخوارد ئێمەبووین نەک ئەوانەی تا قوڕگیان گەندەڵییە و جوامێرییەکانی ئێوە دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کاتێکیش لێیان دەقەومێ، ئینجا ئێوەیان بیردەکەوێتەوە.

سبەی رۆژێکی گرنگە و  بڕیارە راستەکە بدەن، بە دەنگەکەت داھاتووی خۆت و منداڵەکانت دیاری دەکەیت، بڕیار دەدەیت ئەم تاکڕەوی و خۆسەپێنییە بەردەوامبێت یاخود بەجارێک رایاندەماڵن. مەھێڵن لەوەزیاتر یاری بە چارەنووستانەوە بکرێت و قووتی منداڵەکانتان لەژێر دەست و رەحمەتی خۆسەپێناندا بێت. ئێوە دەنگ بدەن و شەڕی داھاتوو بۆ ئێمە جێبھێڵن، ئێمە دەزانین چۆن فێریان بکەین کە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە. ئێوە کچان و کوڕانی رۆژی سەخت و قوربانیدانن، مەھێڵن جگە لە خۆتان کەسیتر بەرھەمی رەنج و ماندووبوونتان بخوات، ئێوە شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەتر و شایستەترن، شایستەی ئەوەن منداڵەکانتان بە سەربەرزییەوە بژین و خێزانەکانتان لە سەقامگیریدابن. بەڵێن و کردارمان یەکن، ئێوە بڕۆن دەنگبدەن و زامنکردنی ژیانتان و شەڕکردن لەسەر مافەکانتان لەسەر ئێمەیە، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە و دەشزانن ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەکەم. 

دروود و سڵاو بۆ رۆحی شەھیدان، سوپاس و ستایش بۆ ماندووبوون و خۆڕاگریتان.

براتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی