قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بۆ شەھیدبوونی محەمەد رەشید ژاڵەیی، کارمەندی ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە توڵەی خوێنی شەھید محەمەد لە تیرۆریستان دەکەینەوە و لە ئاست خێزان و کەسوکارە سەربەرزەکەشیدا بە وەفا دەبین".
دەقی پەیامەکە...
جارێکیتر دەستی رەش و چەپەڵی تیرۆر، پێشمەرگە و پارێزەرێکی دیکەی نیشتمانی لێ ستاندین.
شەھیدبوونی پێشمەرگەی ئازا کاک محەمەد رەشید ژاڵەیی، کارمەندی ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دڵگران و غەمباری کردین.
ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە توڵەی خوێنی شەھید محەمەد لە تیرۆریستان دەکەینەوە و لە ئاست خێزان و کەسوکارە سەربەرزەکەشیدا بە وەفا دەبین.
خوای گەورە روحی ئەم شەھیدە بە بەھەشت شاد بکات و سەبوری و ئارامی بە ھەموو لایەک ببەخشێت.