قوباد تاڵەبانی: کۆتایی بەو ستەمە دەھێنین کە بەرامبەر بە عەشیرەتەکانی سنووری بادینان دەکرێت

1 کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە ماڵی مام جەلال لە قەزای دوکان پێشوازی لە ژمارەیەک پیاوماقوڵ و کەسایەتی ناسراوی عەشیرەتی ھەرکی کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا قوباد تاڵەبانی بە کەسایەتییەکانی عەشیرەتی ھەرکی راگەیاند، وەکچۆن تا ئەو کاتەی مام جەلال لە ژیاندا بوو، ئەم ماڵە ماڵی ئێوە و ھەموو عەشیرەتەکانی کوردستان بوو، ئێستا و لە داھاتووشدا، ماڵی مام جەلال ماڵی خۆتانە و ئێوە لەم ماڵەدا نەک ھەر میوان نین بەڵکو خۆتان خانەخوێن.

دواتر باسی لە گرنگیی ھەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ئەمجارە لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردوو و ئاوارەوە ھەڵبژاردن بباتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم یەکێتییەی ئێستا دوای سێ ساڵ لە خۆڕێکخستنەوە، یەکێتییەکەی چەند ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەکێتییەکی بەھێز و خاوەن بڕیار و ئیرادەیە و لە ھەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی عەشیرەتەکانی کرد و رایگەیاند، "ئێمە بە وردی ئاگاداریئەو زوڵم و زۆرەین کە  بەرامبەر بە عەشیرەتەکان و ھەر کەسێک دەکرێت کە وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بیر ناکاتەوە". 

وتیشی، یەکێتی خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری کۆمەڵانی خەڵک و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە دەزانێت و لە دوای سەرکەوتن لەم ھەڵبژاردنەدا کۆتایی بەو ستەم و جیاکارییانە دەھێنێت. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا ئەم ھەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە لەڕێی دەنگدانەوە سزای ھێزی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بدەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی ھەرکی باسیان لەو زوڵم و ستەمانە کرد کە پارتی لەو سنوورە بەرامبەر بە عەشیرەتی ھەرکی و عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی، رێکانی، بەرواری، شێروانی، سندی و مزوری و برادۆستی و.. دەیکات و جەختیان کردەوە لەسەر کۆتاییھێنان بەو دۆخە نالەبارەی کە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن.