وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، حکومەت ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ دوور راگرتنی عیراق لە گرژییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئاستەکانی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ دوور راگرتنی عیراق لە گرژییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مەیدانی شەڕ، بەو پێیەی یەکەم پارێزەر و بەرگریکارە لە وڵات.
ئەوەشی خستەڕو، حکومەتی فیدراڵ لایەنە ناوخۆییەکان و وڵاتانی دەرەوەی ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی ناسەقامگیری عیراق کەشێکی نەرێنی لێدەکەوێتەوە و زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات دەگەیەنێت، لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە.
باسم عەوادی وتیشی، حکومەتی فیدراڵ ھەموو رێوشوێنێکی سەربازی و ئەمنی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری عیراق.