سودانی لەبارەی دۆخی ناوچەکە نامەیەک ئاڕاستەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەکات

2024-10-06   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
محەمەد شیاع سودانی نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات و دەڵێت، ناوچەکە لەسەر لێواری دۆخێکی مەترسیداردایە.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر روداوەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو و بەردەوامبوونی ھێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر غەززە و لوبنان، عێراق ھەڵوێستی پێشوەختەی ھەبوو کە ئیسرائیل ھەوڵدەدات شەڕەکە فراوان بکات. 

سودانی لە نامەکەدا دەڵێت، لەسایەی ئەو گۆڕانکارییە مەترسیدارانە کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت پەیامێک بۆ ھەموو دۆستەکانیان دەنێرن بەتایبەت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە ئەوان لەسەر لێواری دۆخێکی مەترسیدارن کە ناوچەکە و جیھانیش بەرەو شەڕێکی بەردەوام رادەکێشێت.

سودانی ھەڵوێستی ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بەرز دەنرخێنێت کە داوای کردووە چیتر چەک نەدرێتە ئیسرائیل و کار بکرێت بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ.