بانکی رافیدەین قەرزی خانووبەرە بە ھاووڵاتییان و فەرمانبەران و خانەنشینانی عیراق دەدات

2024-09-28   |  
فۆتۆ: 
هەژار
بانکی رافیدەین پێدانی قەرزی خانووبەرەی بە ھاوڵاتیان و فەرمانبەران و خانەنشینانی عیراق دەستپێکرد کە لە ١٥ ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تا ١٥٠ ملیۆن دینار.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی بانکی رافیدەین، پێدانی قەرزی خانووبەرە بە ھاووڵاتیان و فەرمانبەران و خانەنشینانی عیراق دەستیپێکردووە کە بەرزترین بڕی قەرزەکە ١٥٠ ملیۆن دینارە بە چەند مەرجێک کە بریتین لە ٥٠ بۆ ٧٥٠ ملیۆن دینار بە مەبەستی کڕینی پارچە زەوییەک، ١٥ بۆ ٧٥ ملیۆن دینار بە مەبەستی بیناسازیی و نۆژەنکردنەوە، ٥٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دینار بە مەبەستی کڕینی خانوو یان شوقە و یەکەیەک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و رێژەی سودیش ٦% دەبێت و قەرزەکەش بۆ ماوەی ١٥ ساڵە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەران کە دەیانەوێت ئەو قەرزە وەربگرن دەبێت مووچەکانیان لەسەر بانکی رافیدەین بێت لەگەڵ دانانی تاپۆی خانوویەک، ھاووڵاتیانیش بۆ وەرگرتنی قەرزەکە پێویستە فەرمانبەرێک ببێتە کەفیلیان کە مووچەکەی لەسەر بانکی رافیدەین بێت و ئەو خانەنشینانەش کە تەمەنیان لە قۆناغی بیمەدایە تا ئەو کاتەی قەرزەکەیان تەواو دەبێت پێویستە ماستەرکارتی مووچەکەیان و تاپۆی خانوویەک دابنێن و کە تەمەنیشیان قۆناغی بیمەی تێپەڕاند پێویستە فەرمانبەرێک ببێتە کەفیلیان کە مووچەکەی لەسەر بانکی رافیدەین بێت.