نەیمار ھێرشدەکاتە سەر کۆمپانیای نایک و بەدرۆزن ناویان دەبات
کوردسات نیوز
٢٩ی ئایاری ٢٠٢١
٩٧٠
کۆمپانیای نایک لە مانگی ٨ی ساڵی رابردوو گرێبەستەکەیان لەگەڵ نەیمار ھەڵوەشاندبووەوە، بۆ میدیاکانیان ئاشکرایکرد نەیمار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچە کارمەندێکیان و ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی ھەر لەبەر ئەوە بووە .
نایک بە رۆژنامەی وال ستریت جۆرناڵی راگەیاندووە، رووداوەکە ساڵی ٢٠١٦ روویداوەو لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێکردووە تا راستییەکانیان بۆ دەرکەوێت و نەیمار رەتیکردووەتەوە ھاوکاریان بکات لە لێکۆڵینەوەکاندا، بەڵام دواتر لە کاتی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ھیچ شتێکیان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکرد .
ھەر زوو نەیمار لەسەر ئەو تۆمەتانە ھاتە دەنگ و رایگەیاند، کۆمپانیای نایک راستییەکانی شێواندووە و سەرجەم تۆمەتەکانیان دورن لە راستییەوە و درۆی ھەڵبەستراون .
نەیمار لە ئینستاگرامی رەسمی خۆیەوە دەشڵێت، راستییەکان دەکرێت بشێوێنرێت چونکە خەڵکی لە سوچی جیاوازەوە دەیان بینێت و ئەوەش بەشێکە لە ژیان .
ئەستێرە بەرازیلییەکە جەختیشی کردووەتەوە، تووشی سەرسوڕمان بووە کۆمپانیایەکی وەکو نایک راستی بشێوێنێت ئەوەی دەیڵێن سەبارەت بە ھاریکاری نەکردنیان لەبارەی ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵی درۆیەکی گەورەیە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو رووداوەی باس دەکرێت لە ٢٠١٦ روویدا بێت دوای ئەوە لە ساڵەکانی ٢٠١٧ تا ٢٠١٩یش کاری لەگەڵ ھەمان ئەو کەسانەدا کردووە بێ ئەوەی ھیچ شتێکی پێ بڵێن .