زینەدین زیدانی راھێنەری یانەی ریاڵ مەدرید دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر گرانادا و رایگەیاند کە تا دوا سات لە پێناو بەدەستھێنانی نازناوی لالیگادا شەڕ دەکەن .

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆتایی ھاتنی ئەو یارییە، زیدان لەبارەی تۆمارکردنی زیاتر لە سێ گۆڵ بۆ یەکەم جار لە سێ مانگی رابردوودا، ئەوەی خستەڕوو کە لە یارییەکەی گرانادا نەک تەنیا لە رووی ھێرشبردنەوە بەڵکو لەسەر ئاستی بەرگریش باش یارییان کردووە و بەگشتی تیپەکەی ئاستێکی نمونەیی پێشکەش کردووە. 

زیدانی وتیشی، راستە تیبۆ کۆرتوا لەم یارییەدا چەند تۆپێکی مەترسیداری لە گۆڵەکەی دورخستووەتەوە، بەڵام سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر گرانادا شایستە بووە، کە یەکێکە لە باشترین یانەکانی ئەم وەرزەی لالیگا.

لەبارەی چانسی تیپەکەی بۆ بەدەستھێنانی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا، زیدانی جەختی کردەوە، تا دوا یاریی و دوا دەقەی خولەکە لە پێناو بەدەستھێنانی نازناوەکەدا یاریی دەکەن و خۆیان بەدەستەوە نادەن .