لە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا و لە ناو یاریگای  ئۆڵۆمپی لە بەرلینی پایتەخت، ھەردوو یانەی بوروسیا دۆرتمۆند و ئاڕ بی لاپیزیگ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

 

زەرد پۆشەکانی دۆرتمۆند کە چەند ھەفتەیەکە لە ئاستێکی بەرزی یاریکردندان، لەم یارییەشدا ئاستێکی نمونەییان پێشکەش کرد و تەنیا پێنج دەقەیان پێویست بوو بۆ ئەوەی تۆڕی گۆڵی ڕکابەرەکەیان بھەژێنن کە "جادۆن سانچۆ"ی ئینگلیزی تۆماریکرد.


یاریزانانی دۆرتمۆند بەردەوام بوون لە ھێرشەکانیان بۆ سەر گۆڵی لایپزیگ و گۆڵی دووەمیشان زۆر دوانەکەوت و لە دەقەی ٢٨ "ئێرلینگ ھالاند"ی نەرویژی کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە بە پاسێکی "مارکۆس ڕیۆس" گۆڵی دووەمی تیپەکەی تۆمار کرد.


زەرد پۆشەکان ھەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ھەر لە گێمی یەکەمەوە سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەر بکەن، لە ئامانجەکەشیاندا سەرکەوتوو بوون و لە کۆتا دەقەی ئەو گێمەدا "سانچۆ" گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی دۆرتمۆندی بە پاسێکی ئاسانی "ڕیۆس" تۆمارکرد و لایپزیگی لە ھەر گەڕانەوەیەک بێ ئومێد کرد .


ئەوەش سەرەڕای ئەوەی داوەر بە بیانوی ئۆفساید گۆڵەکەی ڕەتکردەوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ڤار دەرکەوت ڕیۆس لە ئۆفساییدا نەبووە و گۆڵەکە ھەژمار کرا و گێمی یەکەم بە سێ گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی دۆرتمۆند کۆتایی.


گێمی دووەمی یارییەکە خاوبوونەوەی بەخۆوە بینی و دۆرتمۆند بۆ بەرگری لە ئەنجامەکەیان گەڕانە دواوە، لایپزیگیش سودی لێوەرگرت و لە دەقەی ٧١ "دانی ئۆلمۆ" بە لێدانێکی بەھێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵێکی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی کەم کردەوە.


بەڵام ئەو گۆڵە ھیچی لە ئەنجامی یارییەکە نەگۆڕی و پێش کۆتایی ھاتنی گێمی دووەم بە سێ دەقە ھالاند بە تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی دۆرتمۆند سەرکەوتنی تیپەکەی یەکلا کردەوە و بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک شکستیان بە لایپزیگ ھێنا.


بەم شێوەیەش دۆرمۆند شەوێکی ئاڵتونی بەڕێکرد و بۆ جاری پێنجەم لە مێژووی خۆیاندا بوونە پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا، کە یەکەم نازناوی گەورەی خۆیان بوو لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە.
دوای کۆتایھاتنی یارییەکەش یاریزانانی دۆرتمۆند بە جۆش و خرشێکی زۆرەوە ئاھەنگی سەرکەوتنیان گێڕا و جامەکەیان بەرزکردەوە.