یارییە دواخراوەکەی ھەفتەی ٣٤ی پرێمەر لیگ لە نێوان مانچستەر یونایتد و لیڤەرپول کە بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجام بدرێت و بەھۆی خۆپیشاندانی ھاندەرانی مان یونایتدەوە دژی سەرۆکی یانەکە دواخرا، شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو لەناو یاریگای "ئۆڵد ترافۆرد" بەڕێوەچوو. ئەوەش سەرەڕای کۆبوونەوەی ھاندەرانی مان یونایتد لە دەرەوەی یاریگا و مەترسی ئەوە ھەبوو سیناریۆی یەکەم جار دووبارە بێتەوە.
لیڤەرپول بۆ ھێشتنەوە ھیواکانیان بە زیندووی بۆ گەیشتن بە وەرزی داھاتووی چامپیۆنز لیگ، پێویست بوو لەم یارییەدا سێ خاڵ بەدەست بێنن، بەڵام بە سەرەتایەکی باش دەستیان پێنەکرد و دوای تێپەڕبوونی تەنیا ٤ دەقە بەسەر یارییەکەدا "ئەلیسۆن بەیکەر"ی گۆڵپارێزیان کەوتە ھەڵەیەکی کوشندەوە کاتێک دیارییەکی پێشکەش "ئیدسۆن کاڤانی" کرد، بەڵام ھێرشبەرەکەی مان یونایتد نەیتوانی گۆڵی پێ تۆمار بکات و بەخت یاوەری تیپەکەی "یۆرگن کلۆپ" بوو .
زۆری نەبرد و لە دەقەی ١٠ یاریزانانی لیڤەرپول جارێکیتر کەوتنە ھەڵەوە و ئەمجارە "فیلیپس"ی بەرگریکار تۆپێکی "برۆنۆ فێرناندێز"ی کردە گۆڵی خۆیانەوە و مان یونایتدی کردە پێشەنگ.
دوای ئەو گۆڵە لیڤەر کۆنترۆڵی یارییەکەی گرتە دەست و دوای چەند ھێرشێک بۆ سەر گۆڵی مان یونایتد، سەرئەنجام و لە دەقەی ٣٤ "دیێگۆ جۆتا" بە شێوەیەکی ھونەری گۆڵی یەکسان بوونی تیپی میوانی تۆمارکرد.
ھێرشەکانی تیپەکەی یۆرگن کلۆپ لەوێدا نەوەستا و لە کۆتا دەقەی گێمی یەکەمدا "ڕۆبێرتۆ فێرمینۆ" بە پاسێکی "ترێنت ئارنۆڵد" گۆڵی دووەمی لیڤەرپولی ھێنا و بۆ یەکەمجار "ڕێدز"ی کردە پێشەنگ.
ئاستە بەرزەکەی لیڤەرپول لە گێمی دووەمیشدا درێژەی کێشاوە لەگەڵ فیکەی دەستپێکی ئەو گێمەدا و دوای تێپەڕبوونی تەنیا یەک دەقە "فێرمینۆ"ی بەڕازیلی بۆ جاری دووەم تۆڕی "ھێندەرسۆن"ی گۆڵپارێزی مان یونایتدی ھەژاند و گۆڵی سێیەمی لیڤەرپولی کرد.
تیپی میوان بەردەوام بوون لە ھێرشەکانیان بۆ سەر گۆڵی مان یونایتد و چەند جارێک نزیک بوون لەوەی گۆڵی چوارەم بکەن کە مەترسیدارترینیان تۆپەکەی "جۆتا" بوو لە دەقەی ٥٩ بەڵام ڕاگری گۆڵ بووە ڕێگر لەبەردەمیاندا.
یاریزانانی مان یونایتد توانیان سود لە بەفیڕۆدانی ھەلەکانی لیڤەرپول وەربگرن و لە دەقەی ٦٧ گەڕانەوە نێو کەشی یارییەکە، ئەوەش دوای ئەوەی "مارکۆس راشفۆرد" بە پاسێکی "کاڤانی" گۆڵ دووەمی تیپەکەی کرد و جیاوازییەکەی کەم کردەوە.
سوور پۆشەکان دوای ئەو گۆڵە چەند جارێک ھەلی ئەوەیان بۆ ڕەخسا تا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام سەرجەم ھەوڵەکانیان بێ ئاکام و لە کۆتا دەقەی یارییەکەدا محەمەد سەڵاحی میسڕی لە ھێرشێکی ھەڵگەڕاوەدا گۆڵی چوارەمی بۆ لیڤەرپول تۆمارکرد و کۆتایی بە یارییەکە ھێنا و بە ئەنجامی ٤-٢ لە مان یونایتدیان بردەوە.
ئەمەش دووەم سەرکەوتنی لیڤەرپوڵە لە دوو یاریی ڕابردوودا، ھاوکات دووەم شکستی یەک لە دوای یەکی شەیتانە سورەکانیش بوو. ھەروەھا یەکەم سەرکەوتنی "یۆرگن کلۆپ"یش بوو لەناو یاریگای "ئۆڵد ترفۆرد"دا دوای بەسەر بردنی شەش ساڵ لە ئینگلتەرا.
ئێستا لیڤەرپوڵ پلەی پێنجەمی ڕیزبەندی پرێمەرلیگیان گرتووە و بە جیاوازی چوار خاڵ لە دوای چێڵسی چوارەمەوەن، بەڵام یارییەک کەمتریان ئەنجامداوە.