دوای ئەوەی ھەردوولا بە ھێرشبردن دەستیان بە یارییەکەیان کرد و ھەوڵی خۆیان خستەگەڕ لە پێناو بردنەوە، چیک توانی لە بەشی یەکەمدا دەستی خۆی بوەشێنێت، ئەویش لە ڕێی پەناڵتییەکەوە کە پاتریم سچیک جێبەجێی کرد و چیکی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم.


ئەو دواکەوتنە بووە دۆخێکی دژوار بۆ دووەمی مۆندیالی ڕابردوو، کە مۆدریچ و ھاوڕێکانی ھەوڵیاندا ھەر لە بەشی یەکەم جیاوازیەکە ھاوتا بکەنەوە، بەڵام یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە کەوتە سەرەتای گێمی دووەم و ئیڤان پیرسیچ توانی گۆڵی بەرامبەر بوونەوە تۆمار بکات.


وێڕای ئاڵوگۆڕی چەندین ھێرش بۆ سەر گۆڵی یەکتر، بەڵام تەواوی ھەوڵەکان بێ ئاکام مانەوە و یارییەکەش بە یەکسانی و بە گۆڵێک بۆ ھەر لایەک کۆتایھات.
بەو ئەنجامە چیک کۆی خاڵەکانی کردە ٤ خاڵ و کرواتیاش تەنھا خاڵێکی ھەیە کە ئەگەری سەرکەوتنی بۆ قۆناغی دووەم زۆر کەمە.