دوای پاشەکشەکردنی ئەرژەنتین و کۆڵۆمبیا، بەرازیل رەزامەندی دەربڕی میوانداری کۆپا ئەمریکا بکات، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکەو یاریزانانی ھەڵبژاردەکە، ئەمەش بەھۆی دۆخی خراپی وڵاتەکە بەھۆی کۆرۆنا.

کۆمپانیای ماستەر کارد کە یەکێک بوو لە دیارترین سپۆنسەرەکانی پاڵەوانێتییەکە رایگەیاند، پاشەکشەی کردوە لە سپۆنسەری کردنی پاڵەوانێتییەکە.

دوای چەند سەعاتێکیش لەو ھەواڵە کۆمپانیای ئەمبیڤی تایبەت بە خواردنەوەکان ھەمان ھەنگاو ماستەر کاردی گرتە بەر، بەمەش کۆپا ئەمریکا دیارترین دوو سپۆنسەری لەدەستدا.

ئەو پاشەکشیەش دوای ئەو ناڕەزاییە زۆرە دەبێت کە بەھۆی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە لە بەرازیل سەری ھەڵداوە کە ھەردوو کۆمپانیا پێیان وایە کاریگەری خراپی لەسەر کۆمپانیاکانیان دەبێت.

ماستەر کارد رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی پاڵەوانێتییەکە بڕیاریانداوە سپۆنسەری پاڵەوانێتییەکە نەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە سپۆنسەری کۆنمیبۆڵ دەکەن.