بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بڕی بودجەی دیاریکراو بە زۆر دەزانن و دەڵێن ئەو پارەیە قەرزی گشتی حکومەت دەگەیەنێتە لوتکە، چونکە گەورەترین بودجەی ئەمەریکایە لە دوای جەنگی دووەمی جیھانەوە.


ئەو بودجەیەی ئیدارەی بایدن پێشنیازی کردووە بڕی ٢ ترلیۆنی بۆ بنیاتنانەوە و بەھێزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و ١ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی خوێندن و ھێزی کار تەرخانکراوە.


بایدن بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ پشتی بە زیادکردنی باج لەسەر سەرمایەداران و خاوەن کارگە و پڕۆژەکان بەستووە، سەرچاوەکانی ناو کۆشکی سپی پلانی بایدن بۆ زیادکردنی بودجەی ساڵانەی ئەمریکا ئاشکرا دەکەن کە بە نیازە بەو سیستمە تا ساڵی ٢٠٣٠ بودجەی ئەمریکا بگەیەنێتە ٨ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دۆلار.


ئەمریکا ساڵانە کورتھێنانی بودجەی ھەیە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەھۆی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕی ٣ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دۆلار کورتھێنانی ھەبووە کە ئەوەش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ قەبارەی کورتھێنانەکە سێ ھێندە بووە.


ئەمساڵیش تا ئێستا زیاتر لە ١ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دۆلار کورتھێنانی تۆمارکردووە و ئیدارەی بایدنیش پێشبینی دەکات قەرزی گشتی وڵاتەکەی تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرەو ھەڵکشان بڕوات و دواتر دەست بە داکشان بکات تا دەگاتەوە بە دۆخی ھاوسەنگ، واتە کۆی داھات و خەرجییەکان بەرامبەر دەبنەوە.