چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و حکومی بە ڕۆژنامەی عەرەبی چاپی ‏لەندەنییان ڕاگەیاندووە، کاتیک چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ ‏ئازادکردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی ‏ڕوویان لە ناوچەی سەوز کردووە و دەستیان بەسەر چەند شوێنێکدا ‏گرتووە، مستەفا کازمی بە ھادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدری ‏وتووە، ئەگەر چەکدارەکان نەکشێنەوە ‏دەست لە کار دەکێشێتەوە و بەرپرسیاریەتی شکستھێنانی دەوڵەتیش دەخاتە ‏ئەستۆی لایەنە شیعەکان.


سەرچاوەکان دەڵێن، ھادی عامری کە کەسایەتییەکی ‏بەھێزی شیعەکانە، تووشی سەرسوڕمان بووە کاتێک ئەم مکوڕییەی ‏مستەفا کازمی بۆ ئازادنەکردنی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی بینیوە و ‏پێی وا نەبووە کازمی بەرگەی فشارەکان بگرێت و ‏فەرماندەیەکی ئاوا بەھێزی حەشدی شەعبی دەستگیر بکات.


چەند کەسایەتییەکی نزیکیش لە حکومەت دەستخۆشییان لەو ‏ھەڵسوێستەی کازمی بەرامبەر حەشدی شەعبی و دەستگیرکردنی ‏فەرماندەکە کردووە.


ھادی عامری بە بێ ئەوەی ھیچ لێدوانێک لە بارەی ئەم ‏زانیارییانەوە بدات، ڕایگەیاند، ئەو کەسەی دەیەوێت شکۆی حەشدی ‏شەعبی بشکێنێت، شکۆی دەوڵەت دەشکێنێت، چونکە حەشدی شەعبی بە ‏خوێنی ڕژاوی خۆی شکۆی دەوڵەتی دروستکردووە، دەشڵێت، ھەندێک دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان ھەیە مایەی ‏قبوڵکردن نییە.


چەند سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانیش باسیان لەوە کردووە، سەرکردەکانی ‏حەشدی شەعبی تووشی سەرسوڕمان بوون و ھەرگیز بڕوایان بەوە ‏نەکردووە کازمی بەرگەی فشاری گروپە چەکدارەکان و سەرکردە ‏شیعەکان بگرێت و ئەو ماوە زۆرە فەرماندەکەی حەشدی شەعبی لە زینداندا بھێڵێتەوە.‏