گۆڤاری (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، جیاواز لە ئیدارەی پێشوو، (جۆو بایدن) سیاسەتێکی نوێ لە ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا جێبەجێ دەکات و نایەوێت کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە سوریا بکەونە نێو مامەڵەیەکی مەترسیدارەوە.


ئاشکراشیکردووە، لە بەرامبەر کۆتایھاتنی گرێبەستی کۆمپانیای نەوتیی (دەلتا کریسێنت)، ئیدارەکەی بایدن دەیەوێت بە ڕێگەی گواستنەوەی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ باکوری سوریا، قەرەبووی ئیدارەی خۆبەڕوەبەری ڕۆژئاڤا بکاتەوە.


(ئەلمۆنیتەر) ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردانەکەی وەفدی باڵای کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتی (جۆن ھود) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان، دڵنیایی دراوە کە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ جێگیربوونی ڕەوشی باکوری سوریا کە لە سەردەمی تڕەمپدا ڕاگیراون دەستپێبکاتەوە، کە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی پشت بەستن بە داھاتی نەوت.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، واشنتۆن لەبری ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ ڕۆژئاڤای کوردستان، پلانی ھەیە ڕێڕەوە سنوورییەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ کورد بکرێنەوە، ھاوکات ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریاش، ئەو بڕیارەی (بایدن) بۆ کۆتایھێنان بە گرێبەستی کۆمپانیای (دەلتا کریسێنت)، بە گۆڕینی سیاسەتی واشنتۆن لە بەرامبەر ڕۆژئاڤا نابینن.


ھاوکات کۆمپانیای (دەلتا کریسێنت)یش، ھەڵمەتێکی گەورەی لۆبیکردنی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی دیموکراتەکان ڕازی بکات ماوەی پارێزبەندییەکەی لە کیڵگە نەوتییەکانی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا درێژبکاتەوە کە ھەفتەی داھاتوو کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەو ھەوڵانە تا ئێستا ئەنجامیان نەبووە.