ئەو کۆچبەرانە کە ژمارەیان نزیکەی ٨ ھەزار کەسە، لە ڕێی ئاوی و وشکانییەوە، پەرژین و بەربەستەکانی سنورەکە بە بەرزی ١٠ مەتر تێدەپەڕێنن بەرەو ئیسپانیا و لەوێوە بەرەو وڵاتانی تری ئەوروپی.


لە سەروبەندی قەیرانی دیبلۆماسی نێوان "ئیسپانیا و مەغریب"، ئەو کۆچبەرانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان ئاڵۆزتر کردووە و ھەردوولا باڵیۆزەکانیان بانگھێشت کردووەتەوە.


"پیدرۆ سانچێز" سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیاش زمانێکی توندی بەرامبەر بە "مەغریب" بەکارھێناوە و بەڵێنیداوە بە ڕێکخستنەوەی ڕەوشەکە و وتی نزیکەی نیوەی ئەو کۆچبەرانەیان گەڕاندووەتەوە بۆ "مەغریب".


ئەو ڕەوشە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیای ناچارکرد پەنا بباتە بەر بەکارھێنانی ھێزی سەربازی و بە وتەی وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا، ٢٠٠ ئەندامی ھێزەکانی سەر بە سوپا و ٢٠٠ ئەندامی تری پۆلیس و ھەزار و ١٠٠ ئەندامی ھێزەکانی سنور خرانە حاڵەتی ئامادە باشییەوە، ھاوکات ھێزە ئەمنییەکانی مەغریب بۆمبی گازییان بڵاوکردەوە بۆ بڵاوەپێکردنی کۆچبەران.


لەسەر ئاستی ئەوروپاش، "شارل میشال" سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپی لەسەر ئەو ڕەوشە ھاتووەتە دەنگ و لە تویتەر نووسی، سنوری ئیسپانیا سنوری یەکێتی ئەوروپایە.


لە دوای کەمکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان شاری "سەبتە"ی سەر بە ئیسپانیا بووەتە ئامانجی کۆچبەرانی ئەفریقا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٨٠ ھەزار کەسە و لە ساڵی ١٩٩٥ەوە مافی خۆبەڕێوەبردنی ھەیە.