نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت، بۆردمانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تا ئێستا زیاتر لە ٥٢ ھەزار فەلەستینی ئاوارە کردووە و زیانی بە ٤٥٠ بیناش گەیاندووە کە ژمارەیەکیان نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستین.


"ینس لارکێ" وتەبێژی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی باس لەوە دەکات کە تا ئێستا نزیکەی ٤٧ ھەزار ئاوارەی فەلەستینی، چوونەتە ٥٨ خوێندنگا لە کەرتی غەززە، ئەو خوێندنگایانە سەرجەمیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرێوەدەبرێن.


ھەروەھا دەلێت بۆردومانەکانی ئیسڕائیل بوونەتە ھۆی ڕوخانی ١٣٢ بینا، ٣١٦ بیناش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە کە ٦یان نەخۆشخانە و ٩یان ناوەندی چاودێری تەندروستین، ھەروەھا وێزگەیەکی پاککردنەوەی ئاویش کە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی ٢٥٠ ھەزار کەس دابین دەکات، بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە لە کەرتی غەززە زیانی گەورەی بەرکەوتووە، ئەمەش نەھامەتی فەلەستینییەکان زیاتر دەکات.


مارگریت ھاریس وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی دەڵێت کەموکورتییەکی زۆر ھەیە لە کەرەستە پزیشکییەکاندا لە غەززە، ھەروەھا مەترسییەکی زۆری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ھەیە بەھۆی پیسبوونی ئاوەوە، بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش ھێندەی تر ڕەوشەکە مەترسیدار دەکات.


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەو بۆردومانانە بکرێت کە بۆ سەر بیناکانی نیشتەجێبون لە غەززە ئەنجام دراون، ئەو بۆردومانانەشی بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناوبردووە.


بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، لە ١٠ی ئایارەوە تا ئێستا ٢١٩ کەس لە غەززە بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون کە ٦٣یان منداڵ و ٣٦یان ژنن، ھەروەھا ھەزار و ٥٣٠ کەسیش بریندارن.