ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ١٠ی تەمووزی ساڵی رابردوو بڕیاری ٢٥٣٣ی پەسەندکرد، کە رێگە دەدات بە رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ماوەی ساڵێک ھاوکارییەکانیان لە رێگەی دەروازەی بابلھەوا بگەیەننە ناوخۆی سوریا، لە ١٠ی تەمووزی ئەمساڵ کۆتایی دێت و روسیاش بەنیازە مافی ڤیتۆ لە دژی درێژکردنەوەی بڕیارەکە بەکاربھێنێت

پەیمانگای پرۆکینگزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، نزیکەی ٣ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار مەدەنی لە ئیدلب، کە دوو ملیۆن کەسیان لە شوێنەکانی ترەوە ئاوارەی شارەکە بوون، پشت بەو ھاوکارییە مرۆییانە دەبەستن کە نەتەوەیەکگرتوەکان لە دەروازەی بابلھەوا بۆیان رەوانە دەکات.

رونیشیکردووەتەوە، رەوشی سوریا لەسایەی قەیرانی ئابوری و پەتای کۆرۆناو ھەرەسھێنانی ئابوری لوبنان و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی بەشار ئەسەد، بەرەو کارەسات دەڕوات و داخستنی دەروازەکانیش ھێندەی تر قەیرانەکە سەخت دەکات.

پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ھاوکارییانەی لە سنورەکانەوە رەوانە دەکرێن گرنگییەکی زۆریان ھەیە بۆ  رێگری لە سەرھەڵدانی کارەساتی مرۆیی، لەحاڵەتی داخستنی سنورەکانیش ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی سوریا دەربەدەر دەبن و ئەگەری ئەوەش ھەیە ببێتە مایەی سەرھەڵدانی ململانێی نێوان تورکیاو روسیا.

ھاوکات کۆمسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە،١٣ ملیۆن و٤٠٠ ھەزار کەس لە سوریا پێویستیان بە ھاوکاری مرۆییە، بەڵام تەنھا ھاوکاری بە ٧ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس دەگات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێوەی رێکخراو خواردنیان دەستناکەوێت بەرزبۆتەوە بۆ ٥٧%. رێکخراوی یونیسێفیش ئاشکرایکردووە، ٩٠%ی منداڵانی سوریا پێویستیان بە ھاوکاری مرۆییە.