سەرباری بەڕێوەچوونی چەند خولێکی دانوستان لە "ڤییەنا" لە نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام تا ئێستا ھیچ بەرەو پێشچوونێک نییە، چارەنووسی ڕێککەوتنە دیار نییە. 


لە چوارچێوەی فشاری کۆمارییەکاندا بۆ سەر ئیدارەکەی "جۆو بایدن" بۆ ھەڵنەگرتنی سزاکان لەسەر "ئێران"، ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی پیران لە کۆمارییەکان ھۆشدارییان داوەتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە مامەڵە کردن لەگەڵ "تاران" یاخود دامەزراوە و قەوارە ئێرانییەکانی تر.


کۆمارییەکان ئەو پەیامەیان ئاڕاستەی سەرۆکانی ژووری بازرگانی ئەمریکی و کۆڕبەندی خزمەتگوزاری کردووە و ھۆشداریشیان داوە لەوەی ھەڵگرتنی سزاکان لەسەر "ئێران" تەنھا پڕۆژەی شکستخواردووی لێدەکەوێتەوە.


کۆمارییەکان ترسیشیان ھەیە لەوەی تیمەکەی "بایدن" فشارەکان ھەڵبگرێت و بگەڕێنەوە چوارچێوەی کاری ھاوبەش لەگەڵ تاران و وڵاتانی خۆرئاوا کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەری ڕێککەوتبوون.
لای خۆشیەوە، "مەحمود ئەحمەدی نەژاد" کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، نە ئەمریکا و نە ئێران سود لە گرژییەکان نابینن.


لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لەسەر دەستی "دۆناڵد تڕەمپ" لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لە ترسی سزادانیان لەلایەن ئەمریکاوە، چەندین کۆمپانیای ئەمریکی و ئەوروپی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کارکردنیان لەگەڵ "تاران" لەسەرە قەدەغە کراوە.