لە پێناو گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ بەھای دراوەکەی و کەمکردنەوەی کۆی گشتی نرخەکان، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا سێ جار پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا لەلایەن (ئەردۆگانەوە) گۆڕا، بەڵام ھەنوکە ڕێژەی ھەڵاوسان لە تورکیا زیاتر لە  ١٧٪ی کۆی گشتی نرخەکانی تێپەڕاندووە و تەنگی بە ھاوڵاتیانی تورکیا ھەڵچنیوە.


دابەزینی بەھای لیرە و خراپی ڕەوشی ئابووری تورکیا ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتانەش دروستکردووە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵیدا ھەیە، چونکە ئەنجومەنی ھەناردەکارانی تورکیا ئاشکرای کردووە کە وڵاتەکەیان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ١٣٩ وڵات ھەیە و لە نێویشیاندا عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە کە نزیکەی ٢٠٠٠ کۆمپانیای تورکی کاری تێدا دەکەن سەرەڕای ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیانیان لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلارە.


لەسەر زاری (نەواف قەلیج)ی سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران و بازرگانانی تورکیا و عێراقیش بڵاوبووەتەوە کە دابەزینی بەھای لیرەکەیان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تا کۆتایی ٢٠٢١ بگەیەننە ٥٠ ملیار دۆلار لەگەڵ عێراقدا ھەتا بتوانن ئابوریەکەیان لە مەترسی داڕمان ڕزگار بکەن.


پەیمانگا ئاماری تورکیا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرایکرد کە ڕێژەی ھەڵاوسانی نرخی شمەک و خزمەتگوزاریەکان لە وڵاتەکەیان ڕووی لە ھەڵکشان کردووە و داھاتی گشتیش ڕووی لە دابەزین کردووە، کۆی داھاتی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ (٢ملیار و ٥٤٢ ملیۆن) دۆلار بووە کە ئەمەش بەراورد بە ھەمان وادە لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٤٠.٢٪ کەمی کردووە، ھاوکات قەبارەی بازرگانیەکەشی بە ڕێژەی ١٥٪ کەمی کردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کورتھێنانی ساڵانەی بودجەکەیان زیاتر لە ٤ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت.