ئەمین ناسڕ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سەرەڕای ئاماژەکانی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە ساڵی ٢٠٢١دا ، ھۆکاری زیاتر ھەن بۆ ئەوەی گەشبین بین بەوەی ڕۆژانی باشتر بە ڕێگەوەن"


پێنج ناوەندی شیکاری بازاڕی نەوت پێشبینیان کردووە پوختەی داھاتی کۆمپانیای ئارامکۆ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە نزیکەی ١٩ ملیار دۆلار بێت بەڵام بە پێی ڕاگەیێندراوێکی کۆمپانیای ئارامکۆ داھاتی کۆمپانیاکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە بۆ کۆتایی مانگی ئادار ٢١.٧ ملیار دۆلارە لە کاتێکدا لە ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو داھاتی کۆمپانیاکە ١٦.٧ ملیار دۆلار بووە. 


کۆمپانیای ئارامکۆ کە لە ساڵی ڕابردوو بەھای پشکەکانی بە ١.٧  تریلیۆن دۆلار خەمڵێنرا و محەممەد بن سەلمان جێنشینی شای سعودیەش وەک بەشێک لە دیدگای ٢٠٣٠ی بۆ فرەجۆرکردنی سەرچاوەی داھاتی وڵات ١٪ ی ئارامکۆی فرۆشت بە کۆمپانیایەکی گەورەی بواری نەوتی جیھانی. 


ڕۆبن میڵز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای قەمەر ئینێرجی دەڵێت: "ئارامکۆ کار لەسەر فرۆشتنی پشکەکانی دەکات لە بواری ھێڵی گواستنەوە نەوت، کە بڕێکی زۆر لە داھات بۆ کۆمپانیاکە دەستەبەردەکات کە بە بڕوای من دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی دڵنیایی داھات سەیری بکەین.


ئەو سەرمایە ھەمووی بە شێوەی کاش بۆ ئارامکۆ دێت ٩٩٪ی بۆ حکومەتی سعودیە دەچێت و دەکرێت بۆ چالاکییە ئابوورییەکان سوودی لێوەربگرێت، لەوانە وەبەرھێنانی گشتی کە ئامانج لێی فرەجۆرکردنی ئابوورییە".  
ئارامکۆ کە ڕۆژانە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت و کۆمپانیا ئارامکۆی سعودی خاوەن گەورەترین بەھای بازاڕییە و بەھاکەی زیاتر لە دوو تڕیلیۆن دۆلارە و ساڵی ڕابردوو حکومەتی سعودیە ٥٪ ی پشکەکانی ئارامکۆی لە بازاڕی "بۆرسەی"ی وڵاتەکەی خستەڕوو بۆ فرۆشتن.