ناکۆکی ئەنکەرە و تەلئەبیب گوازراوەتەوە بۆ سوریا
کەژان
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٥
توركیا و ئیسرائیل بە دووڵاتی سودمەندبوو لە روخانی بەشار ئەسەد دادەنرێن، بەو پێیەی ئەو گۆڕانكارییە كاریگەری و هەژموونی ئێرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمكردووەتەوە، بەڵام لە دوای شەڕی غەززەوە، ناكۆكییەكانی نێوان ئەنكەرە و تەلئەبیب گوازراوەتەوە بۆ سوریا كە لەسەر زیادبوون و سەپاندنی دەسەڵات و هەژموونیانە لەو وڵاتە.
بەپێی رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلیش، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سوریا و زیادبوونی هەژموونی توركیا لەو وڵاتە، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەمنی وڵاتەكەی كۆدەبێتەوە و دەیەوێت بە هەر رێگەیەك بێت رێگری لە نزیكبوونەوەی توركیا و سوریا بكات، بۆیە ئێستا ناتانیاهو بە نیگەرانییەوە چاودێری نزیكبوونەوەی نێوان دەسەڵاتدرانی نوێی سوریا و حكومەتی توركیا دەكات.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ناتیانیاهۆ بە روونی بە لێپرسراوانی وڵاتەكەی وتووە نیگەرانە لەوەی بەرەیەكی نوێی ئیسلامیی سوننە بە سەركردایەتی توركیا وەك جێگرەوەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، لە سوریا دروستببێتەوە و بەهەمان شێوە ببێتە هەڕەشەیەكی جددی بۆسەر ئیسرائیل بە تێپەڕبوونی كات، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییە بەردەوامەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ دوژمنە سەرسەختەكانی ئیسرائیل وەك بزوتنەوەی حەماس.
ماڵپەری واڵی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی سوریا لە گفتوگۆدایە بۆئەوەی بنكەیەكی سەربازیی لە ناوچەی تەدمور سەر بە پارێزگای حومس لە بەرامبەر هاوكارییە ئابووری، سەربازیی و سیاسییەكان رادەستی توركیا بكات.
ماڵپەرەكە راشیگەیاندووە، بوونی سەربازیی توركیا لە رۆژهەڵاتی حومس، بووەتە مایەی نیگەرانییەكی جددی بۆ ئیسرائیل و بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات رێگری لەو رێككەوتنەی نێوان دیمەشق و ئەنكەرە بكات.
لە لایەكی تریشەوە یولی ئیدلشتاین سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە و بەرگری لە پەرلەمانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا لە رەوشێكی خراپدایە، بەڵام هەمیشە ئەگەری تێكچوونی زیاتری هەیە.
رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكیش دەڵێت، كێبڕكێی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان لە سوریا زیاتر ببێت كارەكانی ئەمریكا قورستر دەكات، بەو پێیەی هەردوولایان هاوپەیمانی ئەو ئەمریكان و هەردووكیشیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگە و كاریگەریی خۆیان هەیە.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریاش بۆ قۆناغی راگوزەر دەڵێت، هیچ گرنگییەك بە ململانێی نێوان توركیا و ئیسرائیل نادات، تەنها دەیەوێت سەرنجی لەسەر ئاوەدانكردنەوەی سوریا بێت، بەڵام لەگەڵ پێكهێنانی سوریای نوێدا لە دوای روخانی بەشار ئەسەد، توركیا وەك دەسەڵاتێكی باڵا دیمەشق دەركەوتووە.
جگە لە قەتەر كە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ توركیا هەیە، هاوبەشەكانی تری ئەمریكاش لە ناوچەكەدا بە هەمانشێوە وەك سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و ئوردن نیگەرانن لەبارەی زیادبوونی كاریگەرییەكانی توركیا لە سوریای نوێدا و ترسی ئەوەشیان هەیە ئەو نزیكبوونەوەیەی ئەنكەرە و دیمەشق ئاسایشی وڵاتەكانیان تێكبدات.