حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی ناكۆكن
لاڤە
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٥
پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كە یەكێكە لەو پرۆژانەی مشتومڕی زۆری لەسەرە و حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەری ناكۆكن، جارێكی تر خراوەتەوە ناو كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە.
تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران چەند جارێك شكستیهێناوە لە داڕشتنی رەشنووسێك لەبارەی بڕگەكانی پرۆژەیاساكە، بە تایبەتی كە خانەنشینبوونی زیاتر لە سێ هەزار و 500 سەركردەی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەوانەی تەمەنی خانەنشینییان تێپەڕاندووە.
بەهۆی ئەو پرۆژەیاسایەوە هەندێك هێزی دەسەڵاتداری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بایكۆتكردووە و بەهۆیەوە نزیكەی دوو مانگە دانیشتنەكان پەكیانكەوتووە، لەسەر ئەوەش رێككەوتوون نەگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەكان تا ئەو كاتەی مەرجەكانیان قبوڵ دەكرێت و یاساكە هەموار دەكرێتەوە.
یەكێك لەو هەموارانەی هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت لە پرۆژەیاساكەدا بكرێت ئەوەیە، دەسەڵات بدرێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، تەمەنی خانەنشینی بۆ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشێك لە سەركردەكانی تر بۆ پێنج ساڵ درێژ بكاتەوە.
كوتلەی سادیقونیش دەڵێت، پشتیوانی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە بۆ دیاریكردنی تەمەنی خانەنشینی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە یاسا نوێیەكەدا.
لە پرۆژەیاساكەدا، حەشدی شەعبی بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە كە ئەركیان پارێزگاریكردنە لە سیستمی دەستوری و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش بە سەرۆكایەتی نوری مالكی دەڵێت، رێككەوتنی سیاسی هەیە پرۆژەیاساكە لە دانیشتنەكانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێبپەڕێنرێت.
بەپێی بودجەی ساڵی 2025ی عیراق، ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بە 238 هەزار چەكدار خەمڵێندراوە و بڕی 2 ملیار و 88 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخانكراوە.