ئاهەنگی نەورۆز لە قەوقاز 10 رۆژ بەردەوام دەبێت
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەگەرچی نەورۆز بۆ ماوەی زیاتر لە 65 ساڵ لە قەوقاز قەدەغەكرا، بەڵام جارێكی دیكە ئاهەنگەكانی نەورۆز لە قەوقاز بەڕێودەچوون و دانیشتوانی ئەو وڵاتانە و ژمارەیەك لە كوردانی ئەوێش بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی ئاهەنگەكانی نەورۆز دەكەن.
ساڵی 1926 و لەسەردەمی دەسەڵاتی یەكێتی سۆڤیەت، لە وڵاتانی قەوقاز ئاهەنگ و ئاگری نەورۆز قەدەغە كرا و دوای 65 ساڵ و لەساڵی 1991 دوای ئەوەی نەرۆز لە لایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە وەك رۆژێكی جیهانی تۆماركرا، جارێكی تر دوای زیاتر لە نیو سەدە ئاگری نەورۆز تروسكایی بۆ مێژویی ئەو وڵاتانە گەڕاندەوە،
بیانوی ئەوكاتی سۆڤیەت بۆ قەدەغەكردنی ئاهەنگەكانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان تێچوو و خەرجییەكان بووە.
نەورۆز مێژویەكی دێرینی لەگەڵ وڵاتانی قەوقاز و ژینگەكەیان هەیە و بە ئاهەنگێكی نیشتمانیی ناودەبرێت و لای ئەو كوردانەشی دەستی رۆژگار لەو خاك و وڵاتانە جێگیری كردون، نەورۆز هێمایەكە لە بوژانەوە و سەرهەڵدانەوە بۆ ژینگە و مرۆڤ.
نەورۆز لە قەوقاز لە رۆژی 14ی مانگی سێ دەستپێدەكات و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەو 10 رۆژەش هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی ئاگر و ئاهەنگی جەماوەریی و پڕ لە جۆش و خرۆش بەڕێودەچێت.
لە زۆربەی شارەكان لە وڵاتانی قەوقاز لەگەڵ دەستپێكردنی نەرۆز بۆ ماوەی ئەو 10 رۆژە خێمە لە چەند شوێنێك هەڵدەدرێت و هاوشێوەی فێستیڤاڵێك خواردنی خۆماڵیی تایبەت بە قەوقازییەكان پێشكەش دەكرێت و كەلوپەلی كەلتوریش نمایش دەكرێت.
لە دوای ئەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیارەكەی سۆڤیەتی بۆ قەدەغەكردنی نەورۆز لە قەوقاز هەڵوەشاندوە، زیاتر لە 30 ساڵە ئاهەنگەكانی نەورۆز لەو وڵاتانە بە گەرموگوڕیی بەڕێودەچێت و دانیشتوانی ناوچەكەش زۆرینەیان جلی كەلتوریی خۆیان لە رێوڕەسمەكاندا لەبەر دەكەن.