لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی وەڵامدانەوەی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لایەن ئێرانەوە، جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران و ئەمریكا لە كەنداو زیادیانكردوە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش مەرجەكانی وڵاتەكەی بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتۆن ئاشكرا دەكات.

دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند كەشتییەكی جەنگیی وڵاتەكەی لە زەریای هێمنەوە بۆ كەنداو دەگەڕێنێتەوە و وادەی ئۆپراسیۆنی كەشتییە جەنگییەكانیش لە كەنداو درێژ دەكاتەوە، سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر پەیامەكەی پنتاگۆن رایگەیاند، قەڵغانی نوێی موشەكیی رەوانەی سێ دورگەی ئێران لە كەنداو كردوە.

عەلیڕەزا تەنگیسەری یەكێك لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران بە میدیاكانی ئێرانی راگەیاندووە، ئەو قەڵغانە موشەكییە لە دورگەكانی نزیك گەروی هورموز لە كەنداو جێگیركراون و دەتوانن ئامانجەكانیان لە دوری 600 كیلۆمەتر بپێكن، هەڕەشەی ئەوەشیكرد كە توانای هێرشكردنە سەر كەشتی و بنكە و قەڵغانی نەیارانی وڵاتەكەیان لە ناوچەكە هەیە.

ئەو جموجۆڵە سەرباییانەی ئێران و ئەمریكا لە كاتێكدایە بڕیارە بەم زوانە تاران وەڵامی نامەكەی ترەمپ بداتەوە كە تێیدا رایگەیاندبوو ئێران تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، ئەویش رێككەوتن یان جەنگ.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە  بینیوە و ناكرێت هاوشێوەی ساڵی 2015 یان 2018  دانوستان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بكەن، ئەگەر ئەمریكا سیاسەتی بەرامبەر تاران نەگۆڕێت.

وتیشی، تاران دانوستان رەتناكاتەوە، بەڵام هەڵوێستەكانی واشنتۆن و رەوشی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریكا ئەگەری دەستپێكردنەوەی دانوستانی راستەوخۆی لە نێوان هەردوو وڵاتدا لاوازكردوە، بەڵام وەڵامی نامەكەی ترەمپ دەدرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشیكردەوە، وڵاتەكەی خوازیاری جەنگ نییە و هەوڵ دەدەن رەوشی وڵاتەكەیان و ئاسایشی نیشتیمانییان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بپارێزن.