دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆمار لە داڤۆس
سام
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆربەندی ئابوری جیهانی 2025ـی داڤۆس کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگی لەگە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییە جیهانییەکان ئەنجامدا.
ماڵی کوردستان
رۆژی 20ـی 1ـی 2024 سەرۆک کۆمار گەیشتە داڤۆس و لە هەمان رۆژدا سەردانی ماڵی کوردستانی کرد لە وتەیەکیدا سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی بەدامەزراندنی ماڵی کوردستان دەربڕی وپیرۆزبایی خۆی بەم بۆنەیەوە پێشکەش بەرپرسانی ئەم ماڵە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەکارەکانیان بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا کەلە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پێشکەوتنی گەشەپێدانی ئابووری بەخۆوە دەبینن، ئامادەیی خۆیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوکارییەک بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە خزمەت بە هاووڵاتیان بکات نیشاندا.

سەرۆک کۆمار و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هانیویل
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی سێشەممە 21-1-2025 لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە داڤۆس پێشوازیکرد لە کێن وێست بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هانیویل بۆ چارەسەری وزە و بەردەوامیدانی.
سەرۆک کۆمار ئامادەیی عیراقی نیشاندا بۆ کاراکردنی میکانیزمی پەیوەندی لەگەڵ هانیویل و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی لەگەڵیدا و پەسەندکردنی بەرنامە و ڕاهێنانەکانی لە زۆرێک لە دامەزراوە حکومییەکانی وڵاتدا.
سەرۆک کۆماری عیراق و یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران
لە هەمان رۆژدا د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی سێشەمە 21-1-2025، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی لەداڤۆس پێشوازیکرد لەمحەمەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران.
لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی چوارچێوە گشتییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنیەتی بەهێزکردنیان کرا، بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیان لەهەموو بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و ژینگەیی و ووزەدا کردەوە.
هەر لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکە و جیهان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا تاوتوێکرا و بەڕێزیان ئاماژەی بەگرنگی هەوڵدان و یەکخستنی دیدگاکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد بەشێوەیەک کە سەقامگیری پتەوتر بکات و ئایندەی گەلانی ناوچەکە بپارێزێت.
سەرۆک کۆمار و هاوتا ئازەربایجانییەکە
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار کۆماری عیراقرۆژی سێشەممە 21-1-2025 لە داڤۆس، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە.
لەو دیدارەدا پەیوەندیی دووقۆڵی و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا تاوتوێ کران، هەروەک سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پەیوەندیی نێوان عیراق و ئازەربییجان و پێویستی پاراستنی هەماهەنگی و راوێژکاری نێوان هەردوو وڵات لەسەر مەسەلە جیاوازەکان، هاوکات فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بواری خزمەتگوزاری، ژێرخانی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشتیاری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات، سەرۆک کۆمار گرنگی ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کراون رونکردەوە کە کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان و پیشەسازی و گەشتیاری و ژینگەیی و وزە و ئاماژەیکرد بە گرنگی دەستپێکردنەوەی کارکردن لەسەر کردنەوەی ڕێگەی ئاسمانی نێوان بەغدا- باکو، هەولێر-باکو و نەجەف-باکو
سەرۆک کۆماری عیراق و پادشای بەلجیکا
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی سێشەمە 21-1-2025 لەسەنتەری کۆنفراسەکانی داڤۆس، لەگەڵ خاوەن شکۆ، لویس فیلیپ لیۆپۆڵد ماری پادشای بەلجیکا کۆبووەوە و لەدیدارەکەدا بوارەکانی هاوکاری ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمەکانی پاڵپشتیکردنیان تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار بەرەسمی بانگێشتی خاوەن شکۆ، لویس فیلیپی کرد، بۆ سەردانی عیراق و دووپاتی خواستی عیراقی کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری دووقۆڵیی لەگەڵ بەلجیکا لەبوارە سەرەکییەکانی ئابووری و ووزە و سوودوەرگرتن لەدەرفەتی وەبەرهێنان لەعێراق لەپێناو بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی یەکێتی سویسرا
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی چوارشەممە 22ـی 1ـی 2025 سەردانی کۆشکی سویسرای لە کۆڕبەندەکە کرد و لەگەڵ کارین کیلەر سۆلەر سەرۆکی یەکێتی سویسرا کۆبووەوە.
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆیان لەسەرپەیوەندییه دۆستانەکانی نێوان عیراق و سویسرا و چۆنیەتی قوڵکردنەوەیان بۆ ئەوەی بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و پەروەردەیی بگرێتەوه و تیایدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی کاراکردنەوەی کارەکانی کۆمیتەی عیراقی سویسرا و پێویستی به واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن له نێوان هەردوو وڵات لەبارەی زانیارییەکانی پەیوەندیدار به سپیکردنەوەی پارە و هاوکاری تیرۆر.
هەروەها سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی سویسرای کرد بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک کەلوپەل کردو تەئکیدی لەسەر گرنگی کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی پارەی بلۆککراوی عیراق کردەو و ئاماژەی بە پێویستی هاریکاری کرد لە بواری دەستپێشخەری ئاشتی شین کە لە ساڵی 2010 لەلایەن ئاژانسی هاوکاری و گەشەپێدانی سویسرا دەستیپێکرد.
سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیری کرواتیا
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی چوارشەممە 22-1-2025 لە داڤۆس، لەگەڵ ئەندرێ پلێنکۆڤیچ سەرۆک وەزیری کرواتیا کۆبووەوە، لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە پلێنکۆڤیچ کرد بە بۆنەی بەئەندامبونی کرواتیا لە ناوچەی شنگن، هاوکات پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا و سەرۆک کۆماریش جەختیکردەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، هاوکات ڕۆڵی کرواتیای لە پاڵپشتی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە عیراق سەقامگیری ئەمنیی دوای چەندین ساڵ لە ئاستەنگ و سەختیەکان بەخۆوە دەبینێ، ئاماژەیکرد بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی ئەو سەقامگیرییە و پەرەپێدانی بارودۆخی ئابووری و کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا، کە ئەمەش وایکردوە کە ببێتە ژینگەیەکی ئومێدبەخشی وەبەرهێنان، ئاماژەیکرد بە دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی کرواتیا تا بەشداری لە پرۆژەی ژێرخانی عیراقدا بکەن.
سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا
لەپەراوێزی بەشداریکردنیدا لەکۆڕبەندی ئابووری جیهانی، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی چوارشەممە 22-1-2025 لە سەنتەری کۆنفرانسەکانی ئێڤرێست لە داڤۆس، چاوی بە دیک شۆف سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کەوت.
لەمیانی دیدارەکەدا باس لە پەیوهندییه دووقۆڵییەکان و میکانیزمەکانی پەرەپێدانیان تاوتوێکران بۆ ئەوەی چه ند بواری جۆراوجۆر بگرێتەوه و تێیدا سەرۆک کۆمار باسی لەگرنگی به رزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و زیادکردنی هاوکارییه کان لەبواری ئابووری و وەبەرهێنان و کارکردن بۆ ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی عیراقی هۆڵەندی بۆ ئاو و کشتوکاڵ.
هەروەها سەرۆک کۆمار خواستی عیراقی بۆ هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە بواری گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکانی نەوت و گاز و ووزەی نوێبووەوە و هاوکاری لەبواری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا نیشاندا.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئۆکرانیا
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی چوارشەممە 22ـی 1ـی 2025 لە کۆنگرەی داڤۆس لەگەڵ ڤلادیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرسی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێکران و تێیدا سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی عیراق کردەوە کە داوای رێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پێویستی چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بە ڕێگای ئاشتیانە دەکات و ئاماژەی بە بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و ڕوونیکردەوە کە لە ململانێ چەکدارییەکاندا هیچ براوەیەک نیە .
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا کە عیراق لەلایەنەکانی ململانێکە وەک یەک دوورە و جەختی له ئامادەیی عیراق کردەوه بۆ کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکانی هەردوولا.

سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیری لیبیا
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی چوارشەممە 22ـی 1ـی 2025 لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە داڤۆس پێشوازیکرد لە عەبدولحەمید دەبەیبە سەرۆک وەزیری لیبیا.
لە دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری لەو بوارانە کرا کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتی برا دەکات و پاڵپشتی لە چۆنیەتی گەشەپێدانیان دەکەن، تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، هەروەها سەرۆک کۆمار هەڵوێستی عیراقی دووپات کردەوە بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی لیبیا و سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی.
لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاری هاوبەش، بە مەبەستی دروستکردنی دیدگایەکی یەکگرتوو کەچارەسەری ئاستەنگی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە بکات و گرنگیی بەردەوامی هەوڵەکانی دوپاتکردەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و چارەسەری ئاشتیانە بۆ ناکۆکییەکانی ئێستا و خۆ بەدوورگرتن لە هەمو پەرەسەندنێک.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 23ـی 1ـی 2025 لەگەڵ کلاوس شواب سەرۆکی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە کاتی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسە ئابوورییەکان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و چۆنیەتی هاندانی جوڵەی بازاڕی جیهانی و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری زۆربەی وڵاتان تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و رۆڵەکەی کرد لە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی جیهان و سەرۆکی رێکخراوە گەورەکانی ئابووری و کۆمپانیاکان بۆ بەدیهێنانی یەکخستنی ئابووری و گەیشتن بە رێککەوتنەکان کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری خەڵک.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عیراق ئارام و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و بەرەو بەهێزکردنی هەلومەرجی ئابووری لەبوارە جیاجیاکاندا بەتایبەت ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزە و ژینگە و خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان هەنگاو دەنێت و ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی عێراق لەڕێگەی ئاسانکارییەکانی یاسادانان و جێبەجێکارییەوە کار بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت دەکات و تەئکیدی لەوە کردەوە کە عێراق ژینگەیەکی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان و هاوکاری ئابووری و بازرگانی.
سەرۆک کۆمار و سکرتێری گشتی رێکخراوی نێودەوڵەتی هاریکاری دیجیتاڵی
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی پێنجشەممە 23ـی 1ـی 2025، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە داڤۆس، پێشوازیکرد لە دیما یەحیا سکرتێری گشتی رێکخراوی هاریکاریی دیجیتاڵی نێودەوڵەتی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی.
لە میانی دیدارەکەدا، پەیوەندیی هاریکاریی ئێستای نێوان عیراق و رێکخراوی هاریکاریی دیجیتاڵی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عیراق و ڕێکخراوەکە لە بواری دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد.
پانێڵی رێگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لەکارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 23ـی 1ـی 2025، لەهۆڵی کۆنگرە لەداڤۆس بەشداری لە دانیشتنێکی دیالۆگ کرد بە ناونیشانی (رێگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عیراق توانیویەتی بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و لەناوی ببات و هەمووان دەزانن کەئێمە بەدەست تیرۆری رێکخراوەکانی داعش و گروپەکانی ترەوە دەمانناڵاند و ئێستا عیراق لە تیرۆر پارێزراوە، بەڵام دەبینین چەند ناوچەیەک لەدەرەوەی عیراق لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانە لەسەر سنووری عیراق و سوریا و نابێت رێگە بدەین ئەو گروپانە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەبکەن و هێرش بۆسەر عیراق و سوریا بکەن، بەڵام نامانەوێت دەست لەبڕیاری سوریا و کاروباری هیچ وڵاتێکی ناوچەکە وەربدەین و دەبێت گەلی سوریا بڕیار بدات لەداهاتووی خۆی.
سەرۆک کۆمار و وەزیری پلاندانان و گەشەپێدانی ئابووری و هاریکاری نێودەوڵەتی میسر
لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە لە داڤۆس بەڕێوەچوو، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ وەزیری پلاندانان و گەشەپێدانی ئابووری و هاریکاری نێودەوڵەتی میسر کۆبووەوە.
لەو دیدارەدا پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان عیراق و میسری برا لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە قووڵی ئەو پەیوەندییە مێژووییانە کە هەردوو وڵاتی برا پێکەوە گرێ دەدات و گرنگی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەکان دوپاتکردەوە، ئاماژەیکرد بە گرنگیی سوودمەندبوون لەو دەرفەتە جۆراوجۆرانەی کە هاتونەتەپێش بۆ هاریکاری نێوان هەردوو وڵاتی برا.
بەرەو زەوییەکی سەقامگیرتر لە رێگەی نۆژەنکردنەوەی زەوی
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە لە داڤۆس بەڕێوەچوو لە رۆژی هەینی 24ـی 1ـی 2025 لە سەنتەری کۆڕبەندی داڤۆس بەشداری لە دانیشتنێکی دیالۆگی کرد بە ناونیشانی "بەرەو زەوییەکی سەقامگیرتر لە رێگەی نۆژەنکردنەوەی زەوی".
سەرۆک کۆمار لە وتارەکەیدا گوشارەکانی سەر عیراقی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو و بەبیابانبوون روونکردەوە و تەئکیدی لەوە کردەوە کە عیراق دەستەوەستان نیە لەبەرامبەر ئەم تەحەدایانەدا، بەڵکو هەنگاوی یەکلاکەرەوە و کۆنکرێتی ناوە بۆ رووبەڕووبونەوەیان لەڕێگەی سیاسەتی کاریگەرەوە بەمەبەستی بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
هەروەها خاڵە سەرەکییەکانی پلانی عیراقی سەبارەت بە ستراتیژی درێژخایەنی گەشەپێدانی ئابووری بەتایبەتی لەبوارەکانی کشتوکاڵ و وزە و ئاسایشی ئاو باسکرد و ئاماژەی بەوەشکرد کە لەئێستادا عیراق بەشداری دانوستاندنەکانی بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران دەکات بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
لە رۆژی 25ـی 1ـی 2024 د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا گەیشتەوە بەغدادی پایتەخت.