هەڵوێستی سەرۆک کۆمار و سەرکردەکانی هەرێم لەبارەی رۆژئاوای کوردستان
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، سەرۆك كۆماری عیراق دیدارێكی تەلەفزیۆنی لەگەڵ كەناڵی سكای نیوزی بەریتانی ئەنجامدا و باسی لە پشتیوانییەكان و هەوڵەكان كرد بۆ كوردانی رۆژئاوا و پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە سوریای نوێدا.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە میانی چاوپێكەوتنەكەی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەستێوەردانی هەندێك وڵاتی ناوچەكە لەسەر ناوچەكانی دیكە هەیە، بۆ نموونە لە عیراق دەستێوەردانی توركیا هەیە و پێویستە بە زوترین كات كۆتایی بێت.
سەرۆك كۆماری عیراق لە بارەی روداوەكانی ناوخۆی سوریا، هیوای خواست سەقامگیری لە سوریا بەدی بێت و پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە مافەكانیان پارێزراو بێت.
وتیشی، هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا شیاوی چارەسەرن.
د.لەتیف رەشید باسی لە هەوڵەكانی عیراق كرد و وتی، هەنگاوی جددییان سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەكان لەگەڵ سوریا ناوە، هیواشی خواست ئەو هەنگاوانەی ئەحمەد شەرع گرتوویەتەبەر بۆ گەلی سوریا بە هەموو نەتەوە و مەزهەبەكانەوە ئەرێنی بن.
لەدوای روداوەكانی 8ـی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو كە تیایدا كۆتایی بە حوكمی بەشار ئەسەد هات، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "پشتیوانیی تەواو بۆ كوردەكان لە رۆژئاوای كوردستان دووپاتدەكەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەك دەنگ و بە گوتارێكی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبكەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە كە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان".
سەرۆكی یەكێتی جەختی لە پاراستنی مافی گەلی كورد كردەوە و هیوای خواست هەموولایەك بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێكەوەژیانی ناوچەكە بكەن، چونكە تاوەكو كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، هیچ ئاشتییەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوەكرد، بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵكی سوریا دەگرن و ئەو بڕیارانەش كە لەبارەی داهاتووی وڵاتەكەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە.
سەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستبوەڕوو، هیوادارن ئەم دەرفەتە نوێیەی سوریا بەهەند وەربگیرێت تاوەكو بە سیاسەتێكی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی و دادپەروەر بێتەكایەوە و داهاتوویەكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەی مسۆگەر بكرێت.
لە چەند رۆژی رابردوش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا كە بەزمانی عەرەبی ئەنجامدراوە رایگەیاند، هیواخوازە لە داهاتوودا لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەسەڵاتی نوێی سوریا بۆ كردار وەربگێڕدرێت.
سەرۆكی پارتی باسی لەوەشكردووە، پەكەكە بیانوو دەداتە توركیا دەستێوەردان لەنێوخۆی سوریادا بكات.
وتیشی، "لەدانیشتنم لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ هەستی بەوە نەكردووە مەیلی جوداخوازیی هەبێت، بەڵكو ویستی ئەوەی هەیە كورد بەشێك بێت لە سوریا و بە مافەكانی بگات".
لەبارەی رۆڵی هەرێمی كوردستان لە روداوەكانی ناوخۆی سوریا ئاماژەی بەوەشدا، هەرێم توانای هەیە رۆڵی گرنگ لە پرسی كورد لە سوریادا بگێڕێت.
لە ئێستادا رەوشی كوردانی رۆژئاوا لەبەردەم چارەنوسێكی نادیار ماوەتەوە و زیاتر لە هەركاتێك پێویستیان بە پاڵپشتی پارچەكانی دیكەی كوردستان هەیە تاوەكو بە یەكڕیزی بتوانن لە سوریای نوێدا مافەكانیان بەدەستبهێنن.