لە پەراوێزی سێیەم رۆژی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق زنجیرەیەك كۆبونەوە و دیداری لەگەڵ سەرۆك و لێپرسراوانی باڵای وڵاتانی بەشداربوو لە كۆڕبەندەكە ئەنجامدا.

لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین كۆبووەوە جەختی لەسەر هەڵوێستی عیراق كردەوە، كە داوای رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و پێویستی چارەسەركردن و یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان بە رێگای ئاشتیانە كردەوە و ئاماژەی بە بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و روونیكردەوە كە لە ململانێ چەكدارییەكاندا هیچ براوەیەك نییە.

سەرۆكی ئۆكراینیش جەختی لەسەر خواستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ بەهێزكردنی هاوكارییە دووقۆڵییەكان بەتایبەتیش لە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئۆكراین بۆ عیراق.

هەر لە درێژەی كۆبونەوەكانیدا لە كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس، سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی سویسرا كۆبووەوە گفتوگۆیانكرد لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و پەروەردەیی، سەرۆك كۆماری عیراق جەختی لە گرنگی كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی پارەی بلۆككراوی عیراق كردەوە، ئاماژەشی بە پێویستی هاریكاریكردن لە بواری دەستپێشخەری ئاشتی شین كە لە مانگی شوباتی 2010 لەلایەن ئاژانسی هاوكاری و گەشەپێدانی سویسرا ئەنجامدراوە، بۆئەوەی ئاو بكرێت بە سەرچاوەیەك بۆ هاریكاری و ئاشتی لە نێوان وڵاتە هەرێمییەكاندا.

سەرۆكی یەكێتی سویسراش جەختیكردەوە لەسەر خواستی وڵاتەكەی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عیراق بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوو وڵات بكات.

كۆبونەوەیەكی د.لەتیف رەشید لەگەڵ ئەندرێ پلێنكۆڤیچ سەرۆك وەزیری كرواتیا بوو و تیایدا پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوانیان تاوتوێكرا و جەختیشیكرایەوە لە گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا، سەرۆك كۆماری عیراق داواشیكرد دەرفەت بۆكۆمپانیاكانی كرواتیا بڕەخسێنرێت بۆئەوەی بەشداری لە پرۆژەی ژێرخانی عیراقدا بكەن.

هاوكات د.لەتیف رەشید چاوی كەوت بە دیك شۆف سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و لە دیدارێكدا باس لە پەیوەندییەكان كرا و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوكارییەكان لە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و كاركردن بۆ ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن، بە مەبەستی دامەزراندنی ئەنجومەنی عیراقی-هۆڵەندی بۆ ئاو و كشتوكاڵ تاوتوێكران.

د.لەتیف رەشید لەگەڵ عەبدولحەمید دەبیبە سەرۆك وەزیرانی لیبیاش كۆبوەوە و لە دیدارێكدا جەختیكرایەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریكاری هاوبەش، بە مەبەستی دروستكردنی دیدگایەكی یەكگرتوو كە چارەسەری ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەكانی ناوچەكە بكات.

سەرۆك كۆماری عیراق ئاماژەیكرد، بە پێویستی فراوانكردنی هاریكاری سیاسی و ئەمنی و فەرهەنگی و گەشتیاری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كاركردن لەسەر ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتەكانی خوێندنی باڵای هەردوولا.