دۆناڵد ترەمپ، 47مین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەو سەرۆكەی بە توند بەرانبەر بە نەیارەكانی ناسراوە، زۆرێك لە سەرۆكەكانی جیهان، پیرۆزباییان لێكرد و دەستی ئاشتی و پێكەوە كاركردنیان بۆ درێژ كرد.

ترەمپ پێش دەستەبەكاربوونی، بەڵێنی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكراینی دا، لە هەمانكاتیشدا هەڕەشەی لە چین و كەنەدا و مەكسیك و یەكێتی ئەروپا كرد، باجیان لەسەر زیاد بكات و هۆشداری ئەوەشیدابوو كە ئاگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپا دەكات.

روسیا كە وەك نەیارێك لە بازنەی ململانێكانی ئەمریكا وەستاوە، پێناچێت بكەوێتە بەر هەڕەشەكانی ئیدارەی نوێی ترەمپەوە، بەوپێیەی ترەمپ چەند جارێك ستایشی سەرۆكەكەی كردووە.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە هاوتا ئەمریكیەكەی كرد و ریگەیاند، كراوەیە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە ئۆكراینا بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی بەردەوام دوای سێ ساڵ لە جەنگ.

سەرچاوەیەكیش لە كۆشكی سپی ئاشكرایكردووە، ترەمپ بەنیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا پەیوەندی بە پۆتینەوە بكات و لەبارەی جەنگی ئۆكراینەوە گفتوگۆ بكەن.

هاوكات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراین لە  راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ترەمپ هەمیشە یەكلاكەرەوە بووە، ئەو سیاسەتە ئاشتییە زۆرەملێیەی كە رایگەیاندووە دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ بەهێزكردنی سەركردایەتی ئەمریكا و گەیشتن بە ئاشتییەكی دادپەروەرانە و بەردەوام كە ئەولەویەتی رەهایە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ترەمپ رایگەیاند، دوورگەی پەنەما دەخاتەوە سەر ئەمریكا و ناوی كەنداوی مەكسیكیش دەگۆڕێت بۆ كەنداوی ئەمریكا و كەنەداش دەكاتە ویلایەتێكی ئەمریكا، لەوچوارچێوەیەشدا ترەمپ دوای سوێندخواردنی نیازی خۆی بۆ سەپاندنی باج بەرێژەی لە 25% بەسەر كەنەدا و مەكسیك و چین نیشاندا.

لای خۆیەوە كلۆدیا شاینبام، سەرۆكی مەكسیك پیرۆزبایی لە ترەمپ كردووە و ئاماژەی بەوەدا، وەك دراوسێ و هاوبەشی بازرگانی، گفتوگۆ و رێزگرتن و هاوكاری وەك هێمای پەیوەندییەكەیان دەمێنێتەوە، هاوكات رەتیكردەوە ترەمپ بتوانێت دوورگەی مەكسیك بگۆڕێت بۆ دوورگەی ئەمریكا.

هاوكات جەستن ترودۆ، سەرۆك وەزیرانی كەنەداش، پیرۆزبایی لە ترەمپ كرد و رایگەیاند، كاتێك پێكەوە كاردەكەن، بەهێزتر دەبن و كەنەدا و ئەمریكا سەركەوتووترین هاوبەشی ئابوورییان هەیە لە جیهاندا.

لە بەرانبەریشدا خۆسێ راول مۆلینۆ، سەرۆكی پەنەما لێدوانەكانی ترەمپی رەتكردەوە كە تێیدا بەڵێنیدا كەناڵی پەنەما بگەڕێنێتەوە و رایگەیاند، وڵاتەكەی بە بێلایەنی هەمیشەیی بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی كەناڵەكە.

سەبارەت بە ئەوروپا پێشتر ترەمپ بەڵێنی دابوو باجی گومرگی بخاتە سەر بەرهەمی وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ، بەتایبەت ئەڵمانیا كە زۆرترین زیادەی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا هەیە، لەو چوارچێوەیەدا ئۆلاف شۆڵز، راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەمریكا نزیكترین هاوپەیمانیانەو بەردەوامیش دەبن، پێدرۆ سانچێز، سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیاش دەڵێت، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی كاركردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەكەن.

لای خۆیەوە مارك روتە سكرتێری گشتیی ناتۆ پیرۆزبایی لە ترەمپ كرد و وتی، بە گەڕانەوەی ترامپ لە پۆستەكەیدا، خەرجییەكانی بەرگری و بەرهەمهێنان خێراتر دەكەن و پێكەوە دەتوانن لەڕێگەی هێزی ناتۆوە ئاشتی بەدەستبهێنن.

هاوكات ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، یەكێتی ئەوروپا بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی كاركردنە لە نزیكەوە لەگەڵ ترەمپ بۆ چارەسەركردنی ئاستەنگە جیهانییەكان.

لەبارەی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، ترەمپ پێشتر هۆشداری دابوو كە دەیكاتە دۆزەخ، هەربۆیە زۆربەی سەركردە عەرەبەكان لە پەیامی پیرۆزبایی خۆیاندا هیوای قۆناغێكی نوێیان نیشاندا بۆ وەستاندنی شەڕەكان و پێداچوونەوە بە كۆمەڵێك كاردانەوەی عەرەبی و نێودەوڵەتییان كرد.

مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینیش وتی، ئامادەن لەگەڵ ترەمپ كار بكەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سەردەمی حوكمڕانیەكەیدا، لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، باشترین ڕۆژەكانی هاوپەیمانییەكەیان هێشتا لە پێشیانە، وتیشی باوەڕم وایە كە پێكەوە كاركردنمان هاوپەیمانی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل بەرز دەكاتەوە

هاوكات ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا دوای پەیامی پیرۆزبایی، هیوای بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا دەربڕیوە، دڵنیایشی نیشانداوە كە ترەمپ دەتوانێت ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە.

جۆزێف عەون سەرۆكی لوبنانیش ئاماژەی بەوەکرد، ترەمپ لە كۆشكی سپی پاڵنەرێكی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لوبنان و ئەمریكا دەبەخشێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كە وەك كەسێكی نزیكی ترەمپ دەناسرێت رایگەیاند، ئامانجی وڵاتەكەی پاراستنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە كە لە خولی یەكەمی ترەمپدا لەگەڵ ئەمریكادا هەیبوو.

هەرچی دەسەڵاتدارانی ئێرانیشە تا ئێستا هیچ پەیامێكی پیرۆزباییان ئاراستەی ترەمپ نەكردووە، وەك چۆن ئیدارەی ئەمریكا پیرۆزبایی لە دەستبەركاربوونی مەسعود پزیشكیان نەكرد لەكاتی هەڵبژاردنیدا، لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ هۆشداری بە ئێرانداوە كە گەمارۆ و فشارەكان بۆسەری زیاد دەكات.

یەكێتی ئەوروپا كە هاوپەیمانێكی نزیكی ئەمریكایە، خۆی بۆ ململانێیەكی سارد لەگەڵ ئیدارەی نوێی ترەمپ ئامادە دەكات، بەوپێیەی ترەمپ هەڕەشەی كشانەوەی بەشێك لە رێككەوتنەكان و سەپاندنی باجی لەگەڵ یەكێتییەكەدا كردووە.

لە عیراقیش د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پشتیوانی خۆی بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهان و پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوانیان دوپاتكردوەتەوە و هاوكات سەرۆك بافڵیش لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بۆ دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانە بۆ كاركردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.